ناس کورد-
هێرشە موشەكيیەكەى كۆمارى ئيسلامى ئێران لە سەرەتاى ئەمساڵدا بۆ سەر سەربازگەى "عين الاسد" لە پارێزگاى ئەنبار و سەربازگەى "حەرير" لە هەولێر هيچ زيانێكى گيانى بەدواوە نەبوو، ئەوەش بەهۆى مانگێكى دەستكردى سەربازى ئەمريكييەوە بوو بەناوى SBRIS.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دواى تێپەڕبوونى نۆ مانگ لەسەر ئەو هێرشەدا، هێزى ئاسمانیى ئەمريكى ئاشكرايكردووە، مانگە دەستكردەكەیان كە بە تيشكى ژێر سور كاردەكات موشەكەكانى ئێرانى ئاشكرا كردووە و سەربازانى سەربازگەكانى ئاگادار كردەوە، ئەوەش ئاگاداركردنەوەيەكى يەكلاكەرەوە بوو.
جەنراڵ "جاى ڕيمۆند" بە پێگەى C4isrnetى تايبەت بە كاروبارى سەربازى ووتوە، هۆكارى ڕزگاركردنى گيانى سەربازانى ئەمريكى لە سەربازگەى "عين الاسد" بۆ گروپێك كەس دەگەڕێتەوە كە كار لەسەر سيستمى ئاگاداركردنەوەى پێشوەخت دەكەن لە بنكەى "باكلى" ئاسمانى لە ولايەتى كۆلۆڕادۆ.
ئەوەش يەكەم لێدوانى فەرمى بەرپرسانى ئەمريكايە سەبارەت بە بەكارهێنانى ئەو سيستمە لەكاتى هێرشەكەى سەر سەربازگەكان، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى ولايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا ئاشكرايكردبوو كە سيستمى ئاگاداركەرەوەى پێشوەختيان بەكارهێناوە لەكاتى هێڕشەكە.
سيستمەكە چييە و چۆن كاردەكات؟
بەپێى زانياریيەكانى پێگەى Popular Mechanics سيستمەكە ناوى "سيستمى تيشكى ژێر سورى ئاسمانى"ييە و بەشێكە لە بەرنامەيەكى گەورەتر بەناوى "پاڵپشكى بەرگرى بۆ هێزە ئاسمانيەكان" كە ديزاين كراوە بۆ ئاشكراكردنى هەڵدانى موشەكە بالستيەكان لە سەرتاسەرى جيهانەوە.
لە ساڵانى شەڕى سارددا، وەزارەتى بەرگرى ئەمريكا "پنتاگۆن" تۆڕێكى مەودا فراوانى لە ئامێرى هەستوەرى دروستكرد بۆ ئاشكراكردنى هەڵدانى موشەك، يەكێك لەوانەش سيستمى تيشكى ژێر سورى ئاسمانى بوو.
ڕادارە زەمينييەكانى ئەمريكا تەنها دەتوانن ئەو موشەكانە ئاشكرا بكەن كە دێنە سەر ئاسمانى ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا، بەڵام مانگە دەستكردەكان ئامێڕى هەستەوەريان پێوەيە كە بە تيشكى ژێر سور كار دەكەن بەشێوەيەكى هەميشەيى لەسەر يەكێتى سۆڤێتى جاران و چينەوە و هەر دەوڵەتێكى ترى جيهانەوە، ئامادەيە بۆ ئاشكركردنى هەر وزەيەكى گەرمى بەرز كە موەليدەى موشەكە بالستيەكان دروستى دەكەن.
سيستمەكە كورتكراوەكەى SBRISە و لە چوار مانگى دەستكرد كە بەشێوەيەكى ڕێكخراو بە دەورى زەويدا دەسوڕێنەوە و دوو مانگى تريش كە لە خولگەى زەويدان پێكهاتووە، هەريەكەيان بە تيشكى ژێر سور كاردەكات.
قەبارەى ڕوماڵى سيستمە پێشكەوتووەكە بە وردى ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئاشكرايە كە مەودايەكى گەورە لە جيهاندا دەگرێتەوە، هەروەها سيستمە هەستەوەرەكە بەشى ئەوە هەستيارە كە موشەكى بالستى بچوكيش ئاشكرا بكات، هەروەك لە ساڵى 1991 موشەكە سكۆدەكانى عێراقى دژى سعوديە و ئيسرائيل ئاشكرا كرد.
لە سەرەتاى ئەمساڵ لە تۆڵەى كوشتنى "قاسم سولەيمانى" فەرماندەى فەيلەقى قودسى ئێران لە نزيك فڕۆكەخانەى بەغدا، كۆمارى ئيسلامى ئێران 10 موشەكى بالستى گرتە سەربازگەى "عين الاسد" لە پارێزگاى ئەنبار و سەربازگەى "حەرير" لە پارێزگاى هەولێر.
سەربازگەى "عين الاسد" كە 1500 سەربازى تێدابوو و زۆرينەيان ئەمريكى بوون، پێش گەيشتنەى موشەكەكان خۆيان حەشاردا، ئەوەش دواى ئاگاداركردنەوەيان لە هاتنى موشەكەكان، بەڵام ژمارەيەك سەرباز توشى شەڵەژانى مێشك بوون بەڵام هيچ سەربازێك نەكوژرا.