گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەیەک ئامێری گرنگ بۆ نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ دابینکرا

2020.09.17 - 14:56
ژمارەیەک ئامێری گرنگ بۆ نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ دابینکرا

ناس کورد- هەڤاڵ غالب

کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال لە ڕێگای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە ژمارەیەک ئامێری تاقیگەیی بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ تەندروستی چەمچەماڵ دابینکرد.

 

د.هاوکار ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕووبەڕووبونەوە و دەستنیشانکردنی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند " کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال لە ڕێگای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە کۆمەڵێک ئامێری تاقیگەیی بۆ نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ دابینکردووە لەوانە دوو ئامێری pcr چوار سامپڵ و ٤٨ سامپڵ، سێڤتی کابینێت یەک دانە، مایکرۆ سەنتەر فیوج یەک دانە".

 

وتیشی "هەروەها دوو ئامێری هیتینک بلۆک و کۆڵینک بلۆک، یەک سێت مایکرۆ پایپێت، دوو ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و دوو ئامێری دۆبەر بۆ پێدانی دەرمان و موادی فەحسەکان و دەستکێش و دەمامک و کۆمەڵێک پێداویستی تر ".

 

ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بە ئامادەبوونی ئەحمەد موفتی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و لێپرسراوانی کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دەستکەوتێکی گرنمان بۆ تەندروستی چەمچەماڵ بەدەستهێنا کە ئەویش کۆمەڵێک ئامێری گرنگی تاقیگەیی بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ کە ئەوەش لە لایەن کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلال و لە ڕێگای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بووە و سوپاسیان دەکەین کە هاوکارمان بوون بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سنورەکە".

 

لەقەزای چەمچەماڵ دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا هەیە و تا ئێستا 5500 پشکنین ئەنجام دراوە و لەو  ژمارەیە  750 توشبوو دەستنیشانکراون و 660 توشبوو چاکبونەتەوە و 24 توشبوو لە نەخۆشخانەکان چاودێری دەکرێن و 41 توشبووش گیانیان لەدەستداوە.