گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەستەى خاڵە سنورییەکان: لەسەر داواى کازمى سەردانى دەروازەکانى هەرێم دەکەین 

2020.09.17 - 14:41
دەستەى خاڵە سنورییەکان: لەسەر داواى کازمى سەردانى دەروازەکانى هەرێم دەکەین 

ناس کورد-

سەرۆکى دەستەى خاڵە سنورییەکانى عێراق رایگەیاند، بۆ کاراکردنى دۆسیەى دەروازەکان لەسەر راسپاردەى مستەفا کازمى سەردانى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن. 

 

عومەر وائیلى، سەرۆکى دەستەى خاڵە سنورییەکانى عێراق بەئاژانسى فەرمی عێراقى ڕاگەیاند، کردنەوەى خاڵى سنورى عەرعەر لەسەر دیاریکردنى کاتەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق و هەماهەنگى نێوان شانشینى سعودییە ڕاوەستاوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، مەرزى عەرعەر لەماوەى 14 بۆ 20 ڕۆژدا دەکرێتەوە و هەردوولا ئامادەن بۆ کردنەوەى.

 

سەرۆکى دەستەى خاڵە سنورییەکان ئەوەشى ڕوونکردەوە، سەردانەکەى مستەفا کازمیى بۆ خاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان بەیەکێک لەدۆسییە گرنگ و مێژووییەکان دادەنرێت بۆ ئەوەى دۆسیەى چەند ساڵەى ئەو پرسە بکاتەوە.

 

بەوتەى وائیلى، سەرۆکوەزیران و دەستەکەیان سوورن لەسەر هەڵوەشاندنەوەى دۆسییەى خاڵە سنورییەکانى هەرێم و خستنیان بەڕێڕەوێکى دروست و هەماهەنگى لەگەڵ هەموو خاڵە گومرگییەکانى هەرێمدا هەیە و بەشێک لەکێشەکانیش چارەسەر کراون.

 

دەشڵێت، دەستەکەیان سوودى لە ئەزموونى خاڵە سنورییەکانى هەرێم وەرگرتووە و سەردانى دیکەش لەسەر فەرمانى سەرۆکوەزیران بۆ تەواوکردن و چالاککردنى دۆسییەى خاڵە سنورییەکان ئەنجام دەدرێت.

 

وائیلى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، دەستەکەیان لەگەڵ نێردەى یەکێتى ئەوروپادا زیاتر لەجارێک کۆبوووەتەوە و بڕیار لەسەر ئەنجامدانى کۆبونەوەیەک دراوە بۆ سود وەرگرتن لەئەزمونەکانیان بۆ چاودێریکردنى سنورەکان و هەروەها سوود وەرگرتن لەکۆمەڵێک کارووبارى گومرگى و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان بۆ ئەو بوارە.



بەوتەى وائیلى گۆڕانکارى بەرچاو لەڕاپەڕاندنى کارەکانى دەستەکەیاندا ڕوویداوە دواى کۆنترۆڵکردنى چەند خاڵێکى سنوورى بەفەرمانى کازمیى و سەرۆکوەزیرانیش سەردانى دیکەى بۆ خاڵە سنورییەکانى فیدراڵى دەبێت بۆ چاودێریکردنى بەڕێوەچوونى کاروبارەکان.

 

باسى لەوەش کردووە، کار بەسیتسمى ئەلیکترۆنى دەکەن دواى کۆنترۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان ئەوەش لەپێناو سنوردانان بۆ گەندەڵى و دەستەبەرکردنى سەلامەتى و بەرێکردنى کارەکان بەدروستى.