ناس کورد-
وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، دووچارى ئاڵنگارییەکانى بەرەنگارى داعش و پەتاى کۆرۆنا و قەیرانى ئابوورى بوونەتەوە و وڵاتانى ئەوروپى لەدۆخەکەیان تێدەگەیەنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە لەشارى بڕۆکسڵ ئەنجامیدا، فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، گرنگ ئەوەیە ئەوروپییەکان تێبگەیەنن لەعێراق و ناوچەکە چى ڕوودەدات، وڵاتەکەیان دووچارى ئاڵنگارییەکانى کۆرۆنا بووە و هەوڵیش دەدەن مامەڵە لەگەڵ پەتاکەدا بەهاریکارى وڵاتە جیاوازەکان بکەن.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، دابەزینى نرخەکانى نەوت نیمچە قەیرانێکى ئابوورى دروستکرد و عێراق دووچارى ئاڵنگارییەکانى بەرەنگارى داعش بووەتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ و نێودەوڵەتى.
وەزیرى دەرەوەى عێراق جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، هێشتا چالاکیەکانى داعش دەبینرێت کە هەوڵى دووبارە خۆڕێکخستنەوە دەدەن لەناو عێراق و سوریا و هەندێ وڵاتى ئەفریقیى و پڕۆسەى دیموکراتیش لەعێراقدا بەردەوامە.
فوئاد حسێن دەشڵێت، هەوڵى ڕوونکردنەوە لەسەر دۆخەکە دەدەنە وڵاتانى دراوسێ و دەشیانەوێت پەیوەندییەکى هاوسەنگیان لەگەڵ هەموو وڵاتاندا هەبێت.
وەزیرى دەرەوەى عێراق داوا لەوڵاتانى دراوسێ دەکات کەڕێزى سەروەرى خاکى وڵاتەکەیان بگرن و دەستوەردان نەکەن و جەختى کردەوە "بڕیار لەعێراقدا بەدەستى سەرۆک و گەلەکەیدایە".
فوئاد حسێن ئەوەشى خستووەتە ڕوو، گرژى و ئاڵۆزى لەچەند وڵاتێکى دیکەى ناوچەکە هەیە و ئەوان هەوڵى دوورخستنەوەى وڵاتەکەیان لەو گرژى و ئاڵۆزییانە دەدەن و عێراقیش وڵاتێکى فرە ڕەنگ و سەربەخۆیە.