گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باس لە هەرێمى کوردستانیش دەکات

ماڵپەرێکى ئەمریکى ’پلانێک’ بۆ روبەڕوبونەوەى گروپە چەکدارەکانى عێراق پێشنیار دەکات 

2020.09.17 - 11:51
ماڵپەرێکى ئەمریکى ’پلانێک’ بۆ روبەڕوبونەوەى گروپە چەکدارەکانى عێراق پێشنیار دەکات 

ناس کورد-

میدیایەکى ئەمریکى پلانێک بۆ بەرەنگاربوونەوەى میلیشیاکانى سەر بەئێران لەعێراقدا لەلایەن ئەمریکاوە، پێشنیار دەکات.

 

لەڕاپۆرتێکیدا ماڵپەڕێکى ئەمریکى ئەوەى ڕاگەیاندووە، دواى کەمکردنەوەى هێزەکانى لەعێراق، ئەمریکا لەڕێگەى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا و هەواڵگرییەوە بەرپەرچى هێرشى میلیشیاکانى سەر بەئێران لەعێراقدا بداتەوە و بۆ سەلامەتى هێزەکانیشى دەتوانێت لەهەرێمى کوردستان، بڵاوەیان پێ بکاتەوە.

 

لەڕاپۆرتەکەیدا ماڵپەڕى (زا هيل) ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دواى کەمکردنەوەى هێزەکانى لە 5 هەزار و 200 سەربازەوە بۆ نزیکەى 3 هەزار سەرباز، ئەمریکا دووچارى قۆناغێکى یەکلاکەرەوە دەبێت لەعێراقدا بۆیە ناچارە کارى زۆرتر بەکەمترین تیچو و وزە ئەنجام بدات بەتایبەت دواى زیادبوونى هێرشە موشەکییەکان بۆ باڵیۆزەکەى لەبەغدا لەلایەن میلیشیاکانى سەر بە ئێرانەوە.

 

ماڵپەڕەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، دواى تێکشکاندنى داعش لەساڵى 2017 و لەدەستدانى هەموو ئەو ناوچانەى لەژێر دەستى دابوو، هێزە عێراقییەکان کە لەلایەن هێزەکانى ئەمریکا مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت دەتوانن شانە نوستووەکانى داعش لەعێراق و سوریا تێکبشکێنن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەو ئاڵنگارییەى کە ئێستا واشنتۆن لەبەغدا دووچارى بووەتەوە، بەرەنگاربوونەوەى هێرشە موشەکییەکانە لەلایەن میلیشیاکانى سەر بەئێران و مەترسیەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنایە.

 

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە باسى لەوەش کردووە، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانان 8 بنکەى سەربازیان ڕادەستى حکومەتى عێراقى لەماوەى 4 مانگى ڕابردوودا کردووە، ئەوەش بەو واتایە کە هێزەکانى ئەمریکا تەنها لەچەند شوێنێکى کەم لەعێراقدا ماونەتەوە بەبەغدا و بنکەى ئاسمانى ئەسەد و بنکەکانى دیکە لەهەرێمى کوردستانەوە، ئەمەش واى کردووە واشنتۆن پێویستى بە کارى زۆرتر و بەسەرچاوەى کەمتر هەبێت لەعێراقدا.

 

ئەو میدیا ئەمریکییە هەروەها جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، ئەمریکا لەعێراقدا خاوەن ئامێر و تەکنەلۆژیایە و دەتوانێت لەڕێگەى بەکارهێنانى درۆنەکان و هەواڵگرییەوە بەو کارە هەستێت.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، درۆنەکان شەڕەکان نابەنەوە بەڵام ئەمریکا لەشەڕێکى گەورەدا نیە لەعێراق بەڵکو رێکخستنەکانى داعش ئەمڕۆ پێکهاتوون لەگروپى بچوک کە خۆیان لەکێو و دۆڵەکاندا شاردووەتەوە.

 

(زا هيل) ئەوەشى دەرخستووە، پاراستى دەستکەوتى شکستهێنانى داعش و بەرقەراربوونى عێراق پێویستى بەمەشق و ڕاهێنانى زیاترى هێزە عێراقییەکان هەیە ئەوە تەنها سوپاى عێراقى ناگرێتەوە بەڵکو دەبێت هێزەکانى پێشمەرگەش بگرێتەوە و پەتاکە ئەو ڕاهێنانەى ڕاگرتووە هێشتا ڕوون نییە کەى دەست بەتەواوکردنەوەیان دەکرێت.

 

ماڵپەڕەکە دەشڵێت، ئەمریکا پێویستى بەستراتیژى بەربەستدانان بۆ ئێران و میلیشیاکانى هەیە بۆ ڕاگرتنى ئەو هێرشە موشەکیانە و ئاماژەى بەبەکارهێنانى سیستمى C- RAM کردووە بۆ بەربەستدانان لەبەردەم موشەکەکاندا کە 14ى مانگى ئەیلول بەرەو ناوچەى سەوز وەشێنران و ئەوەش نمونەیەکە لەسەر چۆنیەتى بەرگریکردن لەو موشەکانە بەتەکنەلۆژیاییەکى بەرزەوە.

 

لەکۆتایى ڕاپۆرتى میدیا ئەمریکیەکەشدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، داخستنى ژمارەیەک لەبنکە و پێگەکان لەئامانجگرتنى میلیشیاکان کەمدەکاتەوە و بڵاوەپێکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەهەرێمى کوردستان سەلامەتى زیاتر فەراهەم دەکات.