گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێنەرى زەردەشتيەكان لە هەرێم: سەلەفيەكان دەستدرێژيان كردە سەرمان و هەڕەشەیان لێکردین

2020.09.17 - 11:25
نوێنەرى زەردەشتيەكان لە هەرێم: سەلەفيەكان دەستدرێژيان كردە سەرمان و هەڕەشەیان لێکردین

ناس کورد- 

نوێنەرى ئاينى زەردەشتيەكان لە هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند، ڕێكخراوێكى زەردەشتى ڕوبەڕوى دەستدرێژى بوەتەوە لەلايەن گروپى "سەلەفى"يەكانەوە، ئەوەش دواى دوو ڕۆژ لەوەى كە پەرستگاى زەردەشتيەكان ئاهەنگى بون بە زەردەشتى كەسايەتيەكى ئەكاديمى و ژنەكەى ڕێكخست.

 

ئاوات حسامەدين تەيب، نوێنەرى ئاينى زەردەشتيەكان لە هەرێمى كوردستان بە ڕاديۆى سەواى وتوە، گروپێكى گەورەى سەلەفى لە دهۆك بە سەرۆكايەتى "مەلا عەبدولجەليل سەلەفى" هێرشيان كردوەتەوە سەر بارەگاى ڕێكخراوى "ياسنا".

 

وتوشيەتى، بارەگاكە لەماوەى دوايدا لە دهۆك كرايەوە، تابلۆ و هێماكانى زەردەشتيان داگرتوە و دەستيان كردوە بە قسەى نەشياو و هەڕەشەكردن.

 

باسى لەوەشكردوە، سەرەڕاى دەستوەردانى هێزە ئەمنيەكانى هەرێم تائێستاش بارەگاكە داخراوە، داواش دەكەن ئەوانەى هەڕەشەيان لە زەردەشتيەكان كردوە دەستگير بكرێن.

 

ڕۆژى (دووشەممە) پەرستگاى زەردەشتيەكان لە شارى هەولێر كرايەوە و ئاهەنگى "سنگى زەردەشتى" ڕێكخرا، كە بە واتاى ئاهەنگێڕان بۆ بە زەردەشتى بوونى دوو كەس دێت.

 

پەرستگاكە ئاشكرايكرد كە كەسێكى ئەكاديمى و ژنەكەى چونەتە سەر ئاينى زەردەشتى و هەروەها كردنەوەى ڕێكخراوى "ياسنا"شيان لە دهۆك ڕاگەياند، ئەوەش بە فراوانبونى ئەو ئاينە لێكدەدرێتەوە، بەڵام هێرشكرايە سەر بارەگاكە.