گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لەو بڕوایەداین وڵاتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان رێزى پرۆسەكە و پابەندبونەكان بگرن’

ئەبرامز وادەى جێبەجێکردنى سزاکانى سەر ئێران راگەیاند

2020.09.17 - 09:48
ئەبرامز وادەى جێبەجێکردنى سزاکانى سەر ئێران راگەیاند

ناس کورد-

نوێنەرى ئەمريكا تايبەت بە كاروبارى ئێران ڕایگەیاند، كاتژمێر 8ى ئێوارەى ڕۆژى شەممەى داهاتو بە كاتى واشنتۆن سەرجەم سزا نێودەوڵەتيەكان بۆ سەر كۆمارى ئيسلامى ئێران دەكەونە بوارى جێبەجێكردنەوە، بەوەش دوبارە سزاى قەدەغەكردنى چەك بەسەريدا دەسەپێنرێتەوە بۆ كاتێكى ناديار.

 

ئيليۆن ئەبرامز، نوێنەرى ئەمريكا تايبەت بە كاروبارى ئێران لە كۆنگرەيەكى ڕۆژنامەوانى لەرێگەى مۆبايلەوە ئاماژەى بەوە کرد، كۆت و بەندى زياتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێتەوە لەوانەش ڕێگەگرتن لێى بۆ پيتاندنى يۆرانيوم و دوبارە چارەسەركردنى، هەروەها قەدەغەكردنى گەشەپێدانى بەرنامە موشەكيەكەیى و سەپاندنى سزا بەسەر گواستنەوەى تەكنەلۆژياى ئەتۆمى و موشەكى بۆ ئێران.

 

ئەبرامز دوبارە جەختى لەسەر قسەكانى مايك پۆمپيۆ وەزيرى دەرەوە كردەوە كە وتبوى، ئەمريكا پێشبينى دەكات سەرجەم دەوڵەتان و ئەندامانى نەتەوە يەكگرتوەكان سزا نێودەوڵەتيەكان بەسەر ئێراندا جێبەجێ بكەن بە تەواوەتى و رێزى پرۆسەكە و پابەندبونەكان بگرن.

 

هێماى بۆ ئەوەشكرد، ئەگەر قەدەغەى چەك لەسەر ئێران درێژ بكرايەتەوە ئەوا ئەمريكا سەرجەم ئەو سزايانەى بەسەر تاراندا نەدەسەپاند، بە دروستكەر و بازرگانانى چەك لە جيهاندا دەڵێين ئەگەر تێوەگلان لە كاركردن لەگەڵ ئێراندا سەرجەم سزا نێودەوڵەتيەكانتان بەسەردا دەسەپێنرێت و دەبينن كە ڕودەدات.

 

ئەبرامز باسى لەوەشكرد، لە كۆتايى ئەم هەفتەيەدا ئەمريكا هەنگاوەكان ڕادەگەيەنێت و هەفتەى داهاتو تايبەت دەبێت بە چۆنێتى جێبەجێكردنى ئەو سزايانە.

 

پێشتر مايك پۆمپيۆ وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا ڕايگەياند، ئەو كاتەى كە قەدەغەى نێودەوڵەتى چەك لەسەر ئێران كۆتايى دێت كە لە 18\10\2020ە،  وڵاتەكەى ڕێگە لە ئێران دەگرێت چەكى ڕوسى و چينى هەبێت.

 

ساڵى 2018 ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا لە ڕێكکەوتن لەسەر بەرنامەى ئەتۆمى ئێران كشايەوە و سزاكانى دوبارە بەسەردا سەپاندەوە و تۆمەتبارى كرد بەوەى هەوڵى فراوانكردنى هەژمونى خۆى دەدات لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پشتگيرى گروپەكانى ناوچەكە وەك حزبوڵڵاى لوبنان دەكات.