گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئەمریکا بەگوێرەی یاساکانی چەتەیی مامەڵە دەکات’

وەزارەتى دەرەوەى سوریا وەڵامى لێدوانەکانى ترەمپى لەبارەى ئەسەدەوە دایەوە 

2020.09.16 - 22:56
وەزارەتى دەرەوەى سوریا وەڵامى لێدوانەکانى ترەمپى لەبارەى ئەسەدەوە دایەوە 

ناس کورد-

وەزارەتی دەرەوی سوریا ڕایگەیاند، لێدوانەکەی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەوڵی کوشتنی ئەسەد ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە ڕەفتاری سیاسی ترەمپ و ئیدارەکەی بەگوێرەى یاسای چەتە و رێگرەکان هەڵدەسوڕێت، ئامادەن هەموو ڕێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و ویستەکانیان بگرنە بەر.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ی ئەیلولی 2020) وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بارەى  لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئێدارەکەی هەوڵی لەناوبردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریاى داوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و  ئاماژەی بەوە کرد "لێدوانەکەی ترەمپ ئەوە دەردەخات کە ئەمریکییەکان دەتوانن دابەزن بۆ ئاستێکی زۆر نزم و بەگوێرەی یاسای چەتە و رێگرەکان کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە ئامانجەکانیان لە ناوچەکەدا".

 

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا کە لە ئاژانسی هەواڵی" سانا"ی فەرمی  سوریا بڵاوکراوەتەوە باسى لەوەکردووە "ئەمریکا وڵاتێکە لە یاسا لایداوە و یاخی بووە، بۆ یەکلایکردنەوەی دۆسییەکان ڕێگەی رێکخراوە تیرۆرستییەکان دەگرێتەبەر".

 

 ئاماژە بەوەشکراوە "ترەمپ و ئیدارەکەی بەبێ رەچاوکردنی بنەما یاسایی، مرۆیی و رەوشتییەکان، ئامادەن هەموو تاوانێک ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا دەستەبەر بکەن".

 

 ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی سوریا لەکاتێکدایە کە دوێنێ (سێشەممە، 15ی ئەیلولی 2020) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"ى ئەمریکی ئاشکرای کرد، "لەگەڵ جیمس ماتیس، وەزیری پێشووی بەرگریی وڵاتەكەی كوشتنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریای تاوتوێ كردووە، بەڵام ماتیس ڕەتیکردووەتەوە ئەو كارە بكات".

 

ترەمپ  ئاماژەی بەوەشکردبوو "دەرفەتی لە ناوبردنی بەشار ئەسەدى بۆ ڕەخساوە، بەڵام ماتیس کە ئەو کات وەزیری بەرگریی ئەمریکا بووە دژ بەو بژاردەیە وەستاوەتەوە".

 

کەناڵە ئەمریکیەکە ئاماژەی بەوەکرد "پێدەچێت قسەکانی ترەمپ لە بارەی پلانی کوشتی ئەسەد بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017 کە ئەو کاتەی حکومەتی سوریا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن ئەمریکاوە تاوانبارکرا".