گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت

هەزارەها پرسیار لەبارەى کوژرانى خێزانە کوردەکەى بەغدا ’لە دزیکردن زیاترە’ 

2020.09.16 - 22:25
App store icon Play store icon Play store icon
هەزارەها پرسیار لەبارەى کوژرانى خێزانە کوردەکەى بەغدا ’لە دزیکردن زیاترە’ 

ناس کورد-

کوشتنی شیلان دارای کچە دەرمانساز و خێزانەکەی لەشاری بەغدا، چاودێران، چالاکوانانی مەدەنی، هاووڵاتیان و کەسوکاری قوربانییەکانی دابەشکردووە بۆ سەر دوو بەرە، هەریەکەیان لێکدانەوەی جیاواز بۆ ڕووداوەکە دەکەن. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەرەیەکیان لەو بڕوایەدان کوشتنی ئەو کچە دەرمانسازە تەواوکەری زنجیرەی کوشتنی نەبڕاوەی چالاکوانانی مەدەنییە بەوپێیەی کە شیلان یەکێک بووە لەو چالاکوانانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی گۆرەپانی تەحریری شاری بەغدا بەشداری کردووە.

 

لەلایەکی ترەوە بەرەی دووەم لەو باوەڕەدان شیلان و خێزانەکەی بەمەرامی سیاسی نەکوژراون، بەڵکو هۆکارەکەی تەنها تاوانێکی هەڵکوتان ودزییە.

 

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دوای ڕووداوەکە بە میدیاکانیان ڕاگەیاند "ئەوان گریمانەی سیاسی بە دورنازانن، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە لەماڵی قوربانییەکان بەشێک لە کەلوپەلەکان دیارنەماون کە ئەوەش بیرۆکەی تاوانی هەڵکوتان و دزی دەهێنێتە پێشەوە".

 

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە "شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە ئەوە دەردەخات کە تاوانەکە لە تاوانێکی ئاسایی ناچێت، بەڵکو ئەگەری هەیە لەوە گەورەتر بێت".

 

کەسێکی نزیکی خێزانە کوردە کوژراوەکەی شاری بەغدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "ئەوەی لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شیلان دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر دوورە لە ڕاستییەوە".

 

وتیشی "خێزانەکە سەرنەبڕدراون وەک ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو تەنها  ئاسەواری چەقۆیان پێوەیە وشیلانیش خنکێنراوە و سەرنەبڕدراوە".

 

هاوکات سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنەکانی بەغدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند "ئەو شوێنەی کەخێزانە کوردەکە تێیدا دەژین لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەیەکی ئارام و پارێزراوە و بەئاسانی کەسانی ئاسایی ناتوانن جموجۆڵی تێدا بکەن، ئەوەش بەهۆی بوونی باڵوێزخانەی وڵاتی ڕوسیا لەو شوێنە کە بە پۆلیس  و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و کامێراکانی چاودێرى تەنراوە".



هاوکات لای خۆیەوە سروە عەبدولواحید، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بارەی ڕووداوەکە بەماڵپەڕی "حورە"ی ئەمریکی وتووە " کوشتنی شیلان  و خێزانەکەی بەشێکە لە زنجیرە نەبڕاوەی کوشتنی چالاکوانانی مەدەنی لەعێراق، ئەو گەڕەکەی ئەوان تێیدا دەژین لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراوە ئەوەش بۆ خۆی دەبێتە جێی گومان و هەزار پرسیار لە مێشکماندا گەڵاڵە دەکات".

 

بە بڕوای پەرلەمانتارێکی عێراقیش " تاوانەکە تاوانێکی سیاسییە، چونکە شیلان دارا  یەکێک بووە لە چالاکوانانی گۆڕەپانی تەحریر وەک برینپێچ ویەکێک لە ئەندامانی تیمی فریاکەوتنی پزیشکی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا کاری کردووە".

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە،16ی ئەیلولی 2020) سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای هەواڵگری عێراق لە بارەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی شاری بەغدا تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند "دەزگای هەواڵگری عێراق  توانیویەتی شوێنی بکوژەکەی شیلان و خێزانەکەی دەستنیشان بکات کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی هەڵاتووە بۆ پارێزگای سلێمانی لەوێشەوە خۆی گەیاندووەتە شاری هەولێر".

 

سەرچاوە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوە کرد"بەهاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان توانراوە بکوژەکە لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن و لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوەین  بەزوترین کات ڕادەستی لایەنە ئەمنییەکانی شاری بەغدا بکرێتەوە".

 

درەنگانی شه‌وی رابردوو خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گەڕەکی مەنسوڕی شاری بەغدا کە پێکهاتبوون لە باوکێک بەناوی دارا ڕەئوف و دایکەکە بە ناوی عالیە ڕەشید و کچەکەیان بەناوی شیلان دارا کە پیشەی دەرمانسازە له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر ماڵیان به‌چه‌قۆ كوژران .

 

بەگوێرەى سەرچاوە هەواڵگرییەکە، دوای کوشتنی شیلان دارای کچە دەرمانساز و خێزانەکەی لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی مەنسوڕ، هێزە ئەمنییەکان توانیوویانە دوای چەند کاتژمێرێک لە ئەنجامدانی تاوانەکە زانیاریی وردیان لەبارەی بکوژەکەوە دەستبکەوێت.