گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەواڵگرى عێراق لەبارەى دەستگیرکردنى بکوژى خێزانە کوردەکە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

2020.09.16 - 20:24
هەواڵگرى عێراق لەبارەى دەستگیرکردنى بکوژى خێزانە کوردەکە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

ناس کورد-

دەزگاى هەواڵگرى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى دەستگیرکردنى بکوژى خێزانە کوردەکەى شارى بەغدا بڵاوکردەوە کە تیایدا کچێکى دەرمانساز و باوک و دایکى تیادا کوژران.

 

لە راگەیەندراوەکەى دەزگاى هەواڵگرى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، بەسەرپەرشتى راستەوخۆى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و چاودێرى وەزیرى ناوخۆى عێراق هێزێکى دەزگاى هەواڵگرى عێراق و بەهەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و لە ئۆپراسیۆنێکى هەواڵگریدا توانرا بکوژى خێزانە کوردەکەى مەنسوڕ دەستگیر بکرێت.

 

ئاماژە بەوەش کراوە کە لە راگەیەندراوێکى تردا وردەکارى ئۆپراسیۆنەکە ئاشکرا دەکرێت.

 

پێشتر ناس کورد  لەسەرچاوەیەکى باڵا لە دەزگاى هەواڵگرى عێراقەوە بڵاوى کردەوە، بکوژی خێزانە کوردەکەی گەڕەکی مەنسورى شاری بەغدا دەستگیرکرا، ئاماژەی بەوەشکرد، بکوژەکە کارمەندی  پۆلیسە ولە یەکێک لە باڵوێزخانەکانی نزیک ماڵی خێزانە کوردەکە کاردەکات. 

 

 ئەمڕۆ(چوارشەممە،16ی ئەیلۆلی 2020) سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای هەواڵگری عێراق لە بارەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی شاری بەغدا تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، دوای کوشتنی شیلان دارای کچە دەرمانساز و خێزانەکەی لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی مەنسوڕ، توانراوە دوای چەند کاتژمێرێک لە ئەنجامدانی تاوانەکە زانیاریی وردمان لەبارەی بکوژەکەوە دەستبکەوێت". 

 

وتیشی "دەزگای هەواڵگری توانیویەتی شوێنی بکوژەکە دەستنیشان بکات کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی هەڵاتووە بۆ پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان لەوێشەوە  خۆی گەیاندووەتە شاری هەولێر". 

 

سەرچاوە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەکرد"بەهاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان توانراوە بکوژەکە لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن و لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوەین  بەزوترین کات ڕادەستی لایەنە ئەمنییەکانی شاری بەغدا بکرێتەوە". 

 

درەنگانی شه‌وی رابردوو خێزانێکی کوردی نیشتەجێی گەڕەکی مەنسوڕی شاری بەغدا کە پێکهاتبوون لە باوکێک بەناوی دارا ڕەئوف و دایکەکە بە ناوی عالیە ڕەشید و کچەکەیان بەناوی شیلان دارا کە پیشەی دەرمانسازە له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر ماڵیان به‌چه‌قۆ كوژران .