ناس کورد-
ئەندامێکی کۆمیسۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایکرد، له نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر لە چوارهه‌زار كه‌س به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون، جەختیشیکردەوە "قەیرانی ئابوری، خراپی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌رونی، ئەمنی و لاوازبوونی پابەندبوون بە بەها ئاینیەکان، هۆکاری ڕاستەقینەی هەڵکشانی ئەو دیاردەیەن".
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16ی ئەیلولی 2020) فازیل غه‌ڕاوی، ئه‌ندامی نوسینگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان بوه‌ته دیارده‌یه‌كی ترسناک وهەڕەشەی جدی دەکاتە سەر خێزان و كۆمه‌ڵگا".
وتیشی "هۆكاری سه‌ره‌كی تەشەنەسەندنی ئەو دیاردەیە وهەڵکشانی ڕێژەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌رونی، ئەمنی و لاوازبوونی پابەندبوونی تاکەکان بە بەها ئاینییەکانەوە".
غه‌ڕاوی ئاشكراشیكرد "ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ساڵی 2018دا دەستگیرکراون و تۆمه‌تبارن به بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر و كه‌یسه‌كانی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، نۆ هه‌زار و 328 كه‌س بووه، له كاتێكدا له ساڵی 2019دا شه‌ش هه‌زار و 407 حاڵه‌ت تۆمار كراوه".
ئەندامەکەی کۆمیسۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو"له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا (یه‌كی ئەیلول)ی ئه‌مساڵ، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بە بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كان تۆمه‌تبارن، گه‌یشتوه‌ته چوار هه‌زار و 594 كه‌س، ئامارهکەش سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە جگه له هه‌رێمی كوردستان".
غەڕاوی لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوای لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووه " سزای سه‌ر بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ر زیاد بكرێت و وكلینكی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری ئالوده‌بوانی ئه‌و ماددانه دروست بكرێت".
هەروەها غەڕاوی بە پێویستیشیزانیوە "حکومەتی عێراق ئۆپڕاسیۆنێکی بەرفراوان بۆ قەڵاچۆکردنی باندەکانی ئەو بازرگانییە ده‌ستپێبكات و رێگریش لە هاتنە ناوەی ئەو ماددانە له ڕێگا ئاوییه‌كان و وشكانیهكانەوە بکات".