گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوسیا سەدان ملیۆن دانە لە ڤاکسینەکەى دژی کۆرۆنا بە وڵاتێکی ئاسیایی دەفرۆشێت

2020.09.16 - 15:50
ڕوسیا سەدان ملیۆن دانە لە ڤاکسینەکەى دژی کۆرۆنا بە وڵاتێکی ئاسیایی دەفرۆشێت

ناس کورد-

حکومەتى ڕوسیا واژۆکردنى گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیایەکى هیندیدا ڕاگەیاند ئەوەش بە مەبەستى هەناردەکردنى ڤاکسینى سپۆتینگ-ڤى  دژە کۆرۆنا بۆ ئەو وڵاتە.

 

سندوقى وەبەرهێنانى ڕاستەوخۆى ڕوسیى جەخت لەسەرواژۆکردنى گرێبەستێک لەگەڵ گەورە کۆمپانیاى هیندی Dr. Reddy  دەکات کە تایبەتە بە بوارەکانى بەرهەمهێنانى دەرمان، گرێبەستەکە لەبارەى بەڕێکردنى پشکینینى کلینیکیەکانى ڤاکسینى دژە کۆرۆناى ڕوسیە لە هیندستان.

 

دواى تەواوبوونى کاروبارى پشکینینە کلینیکەکان، بەپێى گرێبەستەکە 100 میلۆن دانە لەو ڤاکسینە دەدرێتە هیندستان و پێشبینى ئەوەش دەکرێت یەکەم گوژمەى ڤاکسینە ڕوسیەکە لەکۆتایى ئەمساڵدا هەناردەى چەند وڵاتێکى دیکەش بکرێت.



کیریڵ دیمتیرییف، سەرۆکى سندوقەکە ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، هیندستان لەسەر ئاستى جیهان دووەم وڵاتى زیانمەندە بە ڤایرۆسى کۆرۆنا و هیواخوازن ئەو گرێبەستە کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆکراوە میکانیزمێکى ئارامیان کە لەڕووى زانستیشەوە ڤاکسینەکە سەلمێنراوە بۆ دەستەبەر بکات بۆ بەرەنگارى پەتاکە.

 

لاى خۆشیەوە، گى فى براساد، بەڕێوەبەرى گشتى و سەرۆکى بەشدار لەکۆمپانیاى  Dr. Reddy پێشوازى لە قۆناغى دەستپێکردنى تاقیکردنەوەى ڤاکسینە ڕوسیەکە لە هیندستان کردووە و ئەوەشى ڕاگەیاندووە، ئومیدیان هەیە ڤاکسینى سپۆتینگ ڤى یارمەتى شەڕى بەرەنگاربوونەوەى پەتاکە لە وڵاتەکەیاندا بدات.

 

مانگى ئابى ئەمساڵ ڕوسیا وەکو یەکەم وڵات لەسەر ئاستى جیهان بە فەرمیى ڤاکسینى دژە کۆرۆناى تۆمار کرد و شەرعیەتى دا بە بەرهەمهێنانیشى، دواتریش سندوقى وەبەرهێنانى ڕوسیى بۆ هەناردەکردنى ڤاکسینەکە لەگەڵ هەر یەکە لەوڵاتانى کازاخستان و مەکسیک و بەڕازیل گرێبەستى واژۆ کرد، سەربارى ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکى هیندى بۆهەناردەکردنى 300 ملیۆن بەش لەو ڤاکسینە بۆ هیندستان.