گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەواڵێکی خۆش بۆ عومرەکاران

گەشتى عومرە دەستپێدەکاتەوە.. ئەى ڕێوشوێنە نوێیەکان چین؟

2020.09.16 - 15:45
گەشتى عومرە دەستپێدەکاتەوە.. ئەى ڕێوشوێنە نوێیەکان چین؟

ناس کورد-

سعودیە بەنیازە گەشتەکانى عومرە دەستپێبکاتەوە، دواى ڕاگرتنى ئەو ڕێوڕەسمە ئاینییە بۆ نزیکەى شەش مانگ بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناوە لە جیهاندا.

 

ڕۆژنامەى عوکازى سعودى بڵاویکردووەتەوە، زانیارى ئەوە هەیە کە ئەو پلانەى پێشتر وەزارەتى ناوخۆ بۆ دەستپێکردنەوەى ڕێوڕەسمى عومرە ڕایگەیاندووە، لە قۆناغى یەکەمدا کردنەوەى دەرگا بۆ عومرەکارانى ناوخۆیى بە ژمارەیەکى سنوردارەوە لە خۆ دەگرێت.

 

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، لەقۆناغى یەکەمدا بەپێى چەند ڕێوشوێنێک و مەرجى ڕێکخستن دەبێت لەوانە هەر کەسێک خواستى ئەنجامدانى عومرەى هەیە، دەبێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە مۆڵەت وەربگرێت.

 

ڕۆژنامەکە لەسەر زارى سەرچاوەیەکەوە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لە پلانى یەکەمى کردنەوەى ڕێوڕەسمى عومرە لەڕێگەى ئەلیکترۆنیەوە ڕێکەوت و کاتەکان دیارى دەکرێن، هەرەوەها دەبێت عومرەکار ڕاپۆرتێکى پزیشکى پێببێت کە بیسەلەمێنیت هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنا نییە.

 

هەر بەپێى هەمان سەرچاوە، لەچەند ڕۆژى داهاتوودا وەزارەتى حەج وردەکارى مەرجەکان کردنەوەى قۆناغ بەقۆناغ ڕێوڕەسمى عومرە ڕادەگەیەنێت.

 

باس لەوەشکراوە، ڕۆژى یەک شەممەى داهاتوو وەزارەتى ناوخۆ پلانى دەستپێکردنەوەى قۆناغ بەقۆناغ ڕادەگەیەنێت بێ ئەوەى وردەکارییەکان باس بکات.

 

لەمانگى ئازارى ئەم ساڵەوە، بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناوە سعودیە بڕیارى ڕاگرتنى ڕێوڕەسمى عومرەى دەرکرد و بەمدواییانەش بەشێوەیەکى سنوردار بڕیارى ئەنجامدانى ڕێوڕەسمى حەجى دەرکرد ئەویش تەنها بۆ دانیشتوانى وڵاتەکەى.