گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێک لەبارەى ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

2020.09.16 - 15:34
ڕاگەیەنراوێک لەبارەى ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ناس کورد-

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئەیلولی 2020، لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی باسی لە سەردانی کازمی بۆ هەرێم کردووە و "سەردانەکەى بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کە هیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت."

 

دەشڵێت، "کێشەکان تەنیا موچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵکو جيا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیەکانە لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی."

 

ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، پاشان قوباد تاڵەبانی "پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ڕێرەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕوو. ئاماژەشی بەوەدا کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت."

 

"پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو کە لە ڕۆژی 14ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەنديیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە."


ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، "لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023 کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد وئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد ، کە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان."