گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەرمان بە هەزار و 200 دۆلار

بازرگانەکانى مەرگ لە عێراق چۆن دۆخى کۆرۆنایان قۆستووەتەوە؟

2020.09.16 - 09:30
بازرگانەکانى مەرگ لە عێراق چۆن دۆخى کۆرۆنایان قۆستووەتەوە؟

ناس کورد-

سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆنا بازاڕى قاچاخچێتى و بازرگانیکردنى بە کۆمەڵێک دەرمان و چارەسەرەوە گەرم کردووە کە بەدەر لەیاسا و ڕێساکان و دوور لە ڕێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێن.

 

ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمیی عێراقى لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەى ئاشکرا کردووە، لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە لەمانگى ئازارى ئەمساڵەوە لە عێراق، چەند ڕوداوێک هاتووەتە پێشەوە کە دواهەمینیان بەرهەمهێنانى چەند دەرمانێکە بۆ چارەسەرى توشبووان.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەندێک "بازرگانى مەرگ" پەیدابوون دۆخى پێویستى خەڵکیان بۆ چارەسەر و دەرمان قۆرخکردووە و هەستاون بە بازرگانیکردنى جۆراوجۆر بەو دەرمانانە بەدەر لە پڕۆتۆکۆلەکانى وەزارەتى تەندروستى.

 

ڕۆژنامەکە باسى لەوەش کردووە، گۆڕەپانەکەى ئەمجارەى بازرگانیکردن بە تەندروستیی هاوڵاتییانەوە هاوردەکردنى چەند دەرمانێکە لەژێر ناوەکانى ئەفیفافیرى ڕوسى و ڕەمدیسفیرى ئەمریکى و چەندین جۆرى دیکە، کە ئەو دەرمانانە لەدەرەوە دزەیان کردووە و بەبێ چاودێرى و بەشێوەیەکى نایاسایى کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە بەنرخى جۆراو جۆر تا گەیشتووەتە 300 دۆلار و 1200 دۆلار.

 

یەکێک لە قوربانیانى بازاڕى ڕەشى بازرگانیکردن بەچارەسەرى کۆرۆنا نەهامەتیەکانى خۆى بۆ ڕۆژنامەکە گێڕاوەتەوە و باسى لەوە کردووە، ئەو چارەسەرانەى بەنرخێکى زۆر گران کڕیوە و لەچەند دەرمانخانەیەک کە ئەو دەرمانانەیان بەشێوەیەکى ناشەرعى لەبەردەستدابووە، نرخى ئەفیفافیرە ڕوسیەکە گەیشتووەتە 380 دۆلار بۆ هەر پاکەتێک کە 40 حەپى تیادا بووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێى یاسا و ڕێساکان، هاوردەکردنى دەرمانى تایبەت بە چارەسەرکردنى کۆرۆنا لەلایەن دەرمانخانەکانەوە قەدەغە کراوە.

 

مستەفا هەیتى، نەقیبى دەرمانخانەکانى عێراق داواى چاودێریکردنى خاڵە سنورییەکان دەکات بەشێوەیەکى توندوتۆڵتر بۆ ئەوەى ڕێگرى بکرێت لە هاوردەکردنى زۆر لە داودەرمانانە بۆ بازاڕى دەرمانى عێراقى.

 

نەقییبى دەرمانخانەکانى عێراق هۆشدارى ئەوەشدەدات چەندین دەرمانخانەى وەهمى هەن کە تۆمار نەکراون و بەدوورن لە سیستم و یاساکان کە سەندیکاکەیان پشتى پێ دەبەستێت، داواش لەوەزارەتى تەندروستى  و بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگارى تاوانە ئابوورییەکان دەکات چاودێرى ئەو پرسە مەترسیدارە بکەن کە پەیوەندى بەژیان و گیانى هاوڵاتیانەوە هەیە.