گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترەمپ وادەیەکى نوێ بۆ بەردەستبوونى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دیاری دەکات

2020.09.16 - 09:17
ترەمپ وادەیەکى نوێ بۆ بەردەستبوونى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دیاری دەکات

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپ جارێکى تر پرسی هیوا و ترسەکانى لەبارەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا وروژاندەوە و ڕایگەیاند، ڤاکسینەکە لەماوەى چەند هەفتەیەکدا بەردەست دەبێت.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئەیلولی 2020، ترەمپ بە کەناڵى ABC ڕاگەیاند، "رەنگە ئیدارەى پێشوو پێویستى بە ساڵانێک بوایە بۆ بەدەستهێنانى ڤاکسین، بەهۆى دامەزراوەى خۆراک و دەرمان و رێوشوێنەکانى پەسەندکردن و رێگەپێدان، بەڵام ئێمە لەماوەى چەند هەفتەیەکدا دەیخەینە بەردەست، رەنگە کارەکە سێ بۆ چوار هەفتە بخایەنێت".

 

وادەکەى ترەمپ گەشبینى زۆرى پێوە دیارە بەراورد بە خەمڵاندنەکانى بەرپرسانى جێبەجێکارى دەرمان و بەپرسانى دیکە، لەناویاندا ئەنتۆنى فاوتچى بەرێوەبەرى پەیمانگاى نیشتیمانى بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان، کە پێشبینیکردووە بە نزیکبوونەوەى کۆتایی ئەمساڵ رەزامەندى لەسەر ڤاکسین بدرێت و ساڵى داهاتوو بەشێوەیەکى فراوان دابەشبکرێت.

 

بەرپرسانى تەندروستى ئەمریکا پێشتر ترسى خۆیان نیشاندابوو لەوەى کۆشکى سپى فشار لەسەر دامەزراوەى خۆراک و دەرمانى ئەمریکا دروستبکات بۆ رەزامەندیدان بە ڤاکسینەکە پێش هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لەو وڵاتە لە کۆتایی ئەمساڵدا.

 

لاى خۆشیانەوە ئەو کۆمپانیایانەى کە گەشە بە ڤاکسینەکان دەدەن جەختیانکردووەتەوە ڤاکسینەکانیان ناخەنە بەردەست تا بەوردیی پشکنینیان بۆ نەکرێت لەبارەى سەلامەتى و کاراییانەوە.