گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵام هۆکار چییە؟

دەرهێنانەوەى ڕوفاتى قوربانيانى كۆرۆنا لە عێراق مەرجەعيەتى نيگەران كردووە

2020.09.15 - 23:10
دەرهێنانەوەى ڕوفاتى قوربانيانى كۆرۆنا لە عێراق مەرجەعيەتى نيگەران كردووە

ناس کورد- 

سەرەڕاى هۆشدارى و ناڕەزايەتى مەرجەعەكانى عێراق هاوڵاتيان دەستيان كردووە بە دەرهێنانەوەی ڕوفاتى قوربانيەكانيان كە بە ڤايرۆسى كۆرۆنا گيانيانلەدەستداوە و لە گۆڕستانى "وادى سەلام" لە شارى نەجەف نێژراون.

 

بەپێى ڕاپۆرتێكى ئاژانسى ڕۆيتەرز، هاوڵاتيان ناوبەناو بەرەو گۆڕستانى وادى سەلام دەچن و ڕوفاتى قوربانيەكانيان دەردەهێننەوە و دەيانگوازنەوە، يەكێك لەوانە كە ناوى "ئەبو حەيدەر"ە ماوەى چەندين كاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە پارێزگاى ميسانەوە چووە بۆ دەرهێنانەوەى ڕوفاتی يەكێك لە كەسە نزيكەكانى و دواى دەرهێنانەوەى بە ئۆتۆمبێلێك گواستويانەتەوە.

 

ئەو كارەش سەرەڕاى فەتواى مەرجەعەكانى عێراقە لەسەر ئەوەى كە ئەو گۆڕستانە شوێنێكى شەرعييە بۆ ناشتنى قوربانيانى ڤايرۆسى كۆرۆنا، ڕەشيد حوسنى، وەكيلى "عەلى سيستانى" مەرجەعى باڵاى ئايينى عێڕاق ڕەخنە لەو كارە دەگرێت و تەئكيد دەكاتەوە بەپێى ئايين و قورئان نابێت ڕوفانى ئەوانەى نێژراون دەربهێنرێنەوە و گۆڕ هەڵبدرێتەوە.

 

سەبارەت بەو كارە ئەبو حەيدەر وتويەتى، هيچ بژاردەيەكى ترى لەبەردەستدا نەبووە جگە لە سەرپێچيكردنى فەتواى مەرجەعيەت، ڕوفاتى كوڕى براكەى بردووەتەوە، چونكە تەنانەت ناتوانن گۆڕی مردووەكانيان ببينن و ڕێگەنادەن بچن سەردان بكەن، ئەوانەش بە ناشتنى هەڕەمەكى ناودەبات، تەكئيديش دەكاتەوە، گۆڕستانى تايبەت بە خۆيان هەيە و چەندين نەوەيە مردووەكانيان لەو گۆڕستانە دەنێژن.

 

عەبدولحسێن كازم، سەرۆكى تيمى ناشتن كە پێكهاتوون لە خۆبەخشانى گروپە چەكداریيەكان بە ئاژانسەكەى وتووە، هۆكارى ئەوەى گۆڕستانى تايبەت بە قوربانيانى كۆرۆنا دانراوە، ترسە لە گواستنەوەى پەتاكە لە تەرمەكانەوە.

 

لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە عێراق و تۆماركردنى گيانلەدەستدان تەرمى قوربانيان لەو گۆڕستانە تايبەتە لە شارى نەجەف دەنێژران، ئەوەش لە زۆربەى وڵاتانى جيهان پەيڕەو دەكرا، بەڵام ناڕەزايى كەسوكارى قوربانيانى لێكەوتەوە، چونكە نەياندەتوانى بەشێوەيەكى شايستە ماڵئاوايى لە خۆشەويستانيان بكەن.

 

دواى ئەوەى ڕێكخراوى تەندروستیی جيهانى ئاشكرايكرد کە مەترسى گواستنەوەى كۆرۆنا لەلايەن تەرمى قوربانيانەوە زۆر كەمە، دەسەڵاتدارانى تەندروستى عێراق ڕێگەياندا بە هاوڵاتيان تەرمى قوبانيەكانيان ببەن لەو شوێنە بياننێژن خۆيان دەيانەوێت، ئەوەش بەپێى چەند مەرجێك، بەڵام ئەوە بووە جێى نيگەرانى مەرجەعە ئايينيەكان دەرهێنانەوەى تەرمى ئەوانەی كە لە نەجەف نێژراون.