کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت و هۆشداری لە خراپی ڕێگاوبانەکانی هەرێم دەدات، دەشڵێت، چاککردنی ڕێگاوبانەکان کاری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ نییە و پڕۆژەی گەورەی پێویستە.
.
فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ڕێگاوبانەکانی هەرێم بەتایبەتی لە سنوری سلێمانی بەشێوەیەک خراپە، کاتێک هاوڵاتییان شۆفێری دەکەن وەک ئەوەیە لە جەنگدا بن و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، هاوڵاتیان وەک نان خواردن پێویستیان بە باشی ڕێگاوبانەکان هەیە".
.
بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەت بە تەواوی ڕێگاوبانەکانی پشتگوێخستووە، دەشڵێت: "من هۆشداریمداوە و داوام لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە ئاوڕێک لە ڕێگاوبانەکان بدەنەوە و بە پڕکردنەوەی چاڵەکان ڕاستە کەمێک باشتر دەبێت، بەڵام ڕێگاوبانەکەن پێویستیان بە پڕۆژەی گەورە هەیە".
.
سەبارەت بەو ڕەخنانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆ دەگیرێت لەوەی پارەیەکی زۆر لەڕێی سزای هاتوچۆوە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاشکرایکرد، داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ 83٪ی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و خۆیان بڕیار دەدەن بۆچی سەرفی دەکەن و 17٪ی بۆ چاکسازییەکانی هاتووچۆ و بۆیاخ کردنی خەتی شەقامەکان و هەندێک کاری دیکەیە.
.
"ڕێگاوبانەکانی هەرێم بە داهاتێکی کەم چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە پارەیەکی زۆر و پڕۆژەی گەورە هەیە، ئەگەر حکومەت 50٪ی داهاتەکانى هاتوچۆ بۆ خۆمان بگێڕێتەوە ئەوا چارەسەرکردنی کێشەی چاڵی جادەکانیش لە ئەستۆ دەگرین"، فەرەیدون عومەر واى وت.
.
هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لە کاتێکدایە، بەمدواییانە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێم و بەتایبەتی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕووی لە زیادبوون کردووە، تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سنوری ڕانیە 11 کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
.
.