گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان بەبێ ناوهێنان وەڵامی مەلا بەختیاری دایەوە.. ’’گومان لە ڕووی خۆت بکە’’

2020.09.15 - 20:43
گۆڕان بەبێ ناوهێنان وەڵامی مەلا بەختیاری دایەوە.. ’’گومان لە ڕووی خۆت بکە’’

ناس کورد-

عەدنان عوسمان، وتەبیژی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی قسەکانی مەلا بەختیاری دایەوە لەسەر نەوشیران مستەفا و ڕایگەیاند، ئەگەر رویەکت نەبینی بۆ ئەوەی لانیکەم رێزی نەوشیروان مستەفا بگریت، ئیتر گومان لە رووی خۆت بکە.

 

عەدنان عوسمان له هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە نوسینیکدا نوسیویەتی: "دەکرێت کاک نەوشیروانت وەک سەرکردەی سەربازی خۆش نەوێت، بەڵام ناتوانی وەک سیاسییەک رێزی نەگریت، دەشێت وەک سیاسیەک خۆش نەوێت، بەڵام ناتوانی وەک رۆژنامەنوسێک رێزی نەگریت."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "دەکرێی کاک نەوشیروانت وەک رۆژنامەنوسێک خۆش نەوێت، بەڵام ناکرێ وەک زمانناسێک رێزی نەگریت، دەکرێت وەک زمانناسێکیش خۆش نەوێت، بەڵام ناکرێت وەک رۆشنبیرێک رێزی نەگریت، دەکرێت وەک رۆشنبیرێکیش خۆش نەوێت، بەڵام ناکرێت وەک مێژوونوسێک رێزی نەگریت، وەک رابەرێکی کاریزمایی، شوێنەوارناسێک، ئەدیبێک، روەکناسێک، نوسەرێک، سۆسیۆلۆجیستێک، سەرکردەی راپەڕینێک، داهێنەری ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی ."

 

عەدنان عوسمان جەختیشیکردووەتەوە: "دواجار و بەدەر لەهەمو ئەوانە، نەوشیروان مستەفا ئەو مرۆڤە بوو کە تەنها خێری میللەتەکەی ئەویست."

 

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەشڵێت: " ئاخر کە ئیتر هیچ رویەکت نەبینی بۆ ئەوەی لانیکەم رێزی لێبگریت، ئیتر ناچار گومان لە رووی خۆت بکە."

 

ئەوەش لەکاتێكدایە، مەلا بەختیار کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی باڵا و بەرژەوەندی یەکێتییە، لەکتێبێکی نوێدا باس لە بیرەوەرییەکانی دەکات و لەمیانەی کتێبەکەدا هەندێک بابەتی لەسەر نەوشیروان مستەفا نوسیوە کە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و بەتایبەتیش لەنێو کادرانی بزووتنەوەی گۆڕاندا.