گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوای شەش مانگ لە داخستنی، ڕێگای نێوان موسڵ و هەرێم کرایەوە

2020.09.15 - 19:51
دوای شەش مانگ لە داخستنی، ڕێگای نێوان موسڵ و هەرێم کرایەوە

ناس کورد-

دوای شەش مانگ لە داخستنی ڕێگای نێوان ناحیەی زومار لە نەینەوا و ناوچەی سحێلا لە پارێزگای دهۆک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ ڕێگاکە کرایەوە، پەرلەمانتارێکی کوردستانیش دەڵێت، کردنەوەی ڕێگاکە سودێکی باشی دەبێت بۆ هاوڵاتیانی قەزای زاخۆ.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئەیلولی 2020، ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوماری سەر بە پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند: " ڕێگای نێوان ناحیەی زومار و ناوچەی سحێلا لەپارێزگای دهۆک بەتەواوتی کراوەتەوە".

 

وتیشی: "پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو ڕێگایە بۆ ماوەی شەش مانگ داخرابوو، لە ئێستادا هاوڵاتیان دەتوانن ئەو ڕێگایە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی تا 7:00ی ئێوارە بەکاربهێنن".

 

بەڕێوەبەری ناحیەی زومار ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕێگاکە لە ئێستادا تەنها بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان بەکاردەهێنرێت و ڕێگە نادرێت بۆ جموجۆڵی بازرگانی بەکاربهێنرێت، ئەوەش لە ترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا".

 

 هاوکات سیپان ئامیدی، پەرلەمانتاری کوردستان لە پارێزگای دهۆک لەو بارەیەوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کردنەوەی ئەو ڕێگایە سودێکی گەورەی دەبێت بۆ هاوڵاتیانی قەزای زاخۆ، ڕێگای نێوان قەزای زاخۆ و پارێزگای نەینەوا لەڕێگەی زومارەوە زۆر کورت دەکاتەوە ".

 

وتیشی: "پێشتر تەنها ڕێگەی بەنداوی موسل هەبوو بۆ هاتووچۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا، ئێستا بەکردنەوەی ئەو ڕێگایە بوون بە دوو ڕێگا".

 

 ڕێگای سحێلا و ناحیەی زومار یەکێکە لە ڕێگا ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایە و ناوچەکانی قەزای شەنگال بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە.