گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەتۆ ساڵح نیگەرانە لە ڕونکردنەوەکەى قوباد تاڵەبانی و ’’بڕیاری چارەنوسساز’’ دەدات

2020.09.15 - 18:15
چەتۆ ساڵح نیگەرانە لە ڕونکردنەوەکەى قوباد تاڵەبانی و ’’بڕیاری چارەنوسساز’’ دەدات

ناس كورد-

نوسینگەی چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ناوبراو "زۆر نیگەرانە و ئاگادای لە ڕونکردنەوەکەى قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم" نییە لەبارەى لێدوانی چەتۆ ساڵح لەسەر دەوامی فەرمانبەران. 

 

کارزان مەجید، بەرپرسی نوسینگەی چەتۆ ساڵح لە ڕونکردنەوەیەکی کورتدا دەڵێت، "پێدەچێت پاش چەند سەعاتێکی تر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (چەتۆ ساڵح) بڕیارێکی چارەنوسساز بدات."


ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئەیلولی 2020، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتى هەرێم دەڵێت، "لە ماوەی ڕابردوودا لێدوانێک بە ناوی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پرسی دەوامی فەرمانبەران لە هەندێک کەناڵی میدیایی بڵاوبوویە‌وە‌، لەبەر هەستیاری دۆخەکە لێکۆڵینەوەمان لەم بابەتە کردووە و بۆمان دەرکەوتووە کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو خۆشی دەڵێت؛ بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێکی نەداوە، لەسەر پرسی دەوام."

  

نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو هەموو ئەندامانی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیە‌م پابەندە بە جێبەجێکردنی دید و سیاسە‌تی حیزبەکەی لە چوارچێوەی کارنامەی پەسەندکراوی کابینەی نۆیە‌می حكومە‌تی ھە‌رێم کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئە‌ولە‌ویاتە‌كانمانە‌."  

  

ڕۆژی 3ی ئەیلولی 2020، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەڕۆژی یەکشەممەوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەبێتەوە و پێویستە لە یەکشەممەوە تا پێنجشەممە پابەندبن بە دەوامیی فەرمی لە کاتژمێر (8:00) بەیانی تا (3:00) پاشنیوەڕۆ.  

  

دواتر لە میدیایەکی نزیک لە یەکێتی لێدوانێک بەناو چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆی هەرێم بڵاوکرایەوە و ڕەخنەى لە بڕیارەکەى حکومەت گرت و ڕایگەیاند، "لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت."  

  

بەڵام چەتۆ ساڵح هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر بڵاوبوونەوەى ئەو لێدوانە نەدا و حکومەتی هەرێمیش هیچ قسەیەکی لەسەر نەکرد.