ناس کورد-
ڕێکخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی گۆڕان ڕەتی دەکاتەوە عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامی خانەى ڕاپەڕاندن دەستی لەکارکێشابێتەوە و دەڵێت، "بێزاربووین لەو هەواڵانە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئەیلولی 2020، هۆشیار عومەر کە هاوکات ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیشە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەى عەدنان عوسمان دورە لە ڕاستییەوە، "ئەو هیچ جۆرە دەستلەکارکێشانەوەیەکی پێشکەش نەکردووە."
ئاماژەى بەوەشکرد، "ئێمە بێزاربووین لەم جۆرە دەنگۆ و هەواڵانە، بۆیە عەدنان عوسمان بە پێویستی نەزانیوە ڕونکردنەوە بدات."
وتیشی، "تەنانەت ئێمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەبووە و کارەکانمان زۆر بە باشی دەڕواتە پێشەوە، بۆیە وێنەیەکی کۆبوونەوەکەمان لە فەیسبوک دانا وەک ڕونکردنەوە و ڕەتکردنەوەى هەواڵەکە."
ئەمڕۆ چەند میدیایەک بەناوی چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایانگەیاند، عەدنان عوسمان نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ڕادەستی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری بزوتنەوەکە کردووە.