ناس کورد-
نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتى هەرێم دەڵێت، "لە ماوەی ڕابردوودا لێدوانێک بە ناوی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پرسی دەوامی فەرمانبەران لە هەندێک کەناڵی میدیایی بڵاوبوویەوە، لەبەر هەستیاری دۆخەکە لێکۆڵینەوەمان لەم بابەتە کردووە و بۆمان دەرکەوتووە کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو خۆشی دەڵێت؛ بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێکی نەداوە، لەسەر پرسی دەوام."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئەیلولی 2020، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو هەموو ئەندامانی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەم پابەندە بە جێبەجێکردنی دید و سیاسەتی حیزبەکەی لە چوارچێوەی کارنامەی پەسەندکراوی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئەولەویاتەكانمانە."
ڕۆژی 3ی ئەیلولی 2020، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەڕۆژی یەکشەممەوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەبێتەوە و پێویستە لە یەکشەممەوە تا پێنجشەممە پابەندبن بە دەوامیی فەرمی لە کاتژمێر (8:00) بەیانی تا (3:00) پاشنیوەڕۆ.
دواتر لە میدیایەکی نزیک لە یەکێتی لێدوانێک بەناو چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆی هەرێم بڵاوکرایەوە و ڕەخنەى لە بڕیارەکەى حکومەت گرت و ڕایگەیاند، "لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت."
بەڵام چەتۆ ساڵح هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر بڵاوبوونەوەى ئەو لێدوانە نەدا و حکومەتی هەرێمیش هیچ قسەیەکی لەسەر نەکرد.