گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارەنوسى 10-12 کورسی کورد ’لەمەترسیدایە’

هەوڵەکەى پارتى و یەکێتى پەرلەمانتارانى کورد لەبەغدا دابەشدەکات [تایبەت]

2020.09.15 - 15:47
هەوڵەکەى پارتى و یەکێتى پەرلەمانتارانى کورد لەبەغدا دابەشدەکات [تایبەت]

ناس کورد-

بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانى عێراق گومانى خۆیان نیشان دەدەن لەسەرکەوتنى هەوڵى یەکخستنى فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانەوە، بەشێکى تریشیان یەکڕیزى بەپێویست دەزانن.

 

 

 

 

لەچەند رۆژى ڕابردوودا پارتى و یەکێتى بەفەرمى هەوڵێکیان دەستپێکرد بۆ "یەکخستنى" هەڵوێستى لایەنە کوردییەکان لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە، کە مشتومڕى زۆرى لەسەرە لە گۆڕەپانى سیاسی عێراق.

 

لایەنە کوردییەکان کە پێکەوە دەنگدانیان بە یاساکە رەتکردەوە لەکاتى تێپەڕاندنیدا لە پەرلەمانى عێراق، لە ئێستادا بۆچونیان جیاجیایە لەبارەى پشت بەستن بە سیستمى فرە بازنەیی بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو کە وەک پاشکۆیەک لە یاساکەدا جێگیر دەکرێت.

 

بەپێی یاساکە، هەڵبژاردن بەشێوەى فرە بازنەیی و تاک لیستى دەبێت و زۆربەى لایەنە عێراقییەکان لەکاتى دەنگدانیدا لە پەرلەمان لەژێر فشارى شەقامدا دەنگیان پێدا، بەڵام ئێستا هەڵوێستى جیاجیا هەیە، ئەوەش مشتومڕێکى گەرمى دروستکردووە.

 

هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى و یەکێتى لەچەند رۆژى ڕابردوودا لەبەیاننامەیەکى هاوبەشدا جەختیانکردەوە کە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆدەبنەوە بەمەبەستى یەکخستنى هەڵویستى لایەنە کوردییەکان و یەکەمجاریش لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوونەوە و جەختیان لەهەوڵدان بەو ئاڕاستەیە کردەوە.

 

بەڵام پێناچێت گۆڕان لەم کاتەى ئێستایدا کە لەململانێ و ناکۆکیدایە لەگەڵ فراکسیۆنەکەى لەبەغدا، بتوانێت پەرلەمانتارەکانى رازى بکات کە بچنە چوارچێوەى ئەو بەرەیەوە کە پارتى و یەکێتى لەهەوڵى پێکهێنانیدان.

 

غالب محەمەد پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "پرسی یەکڕیزى بەو شێوەیەى پارتى داوای دەکات ئێمە لەگەڵیدا نین، چونکە ناکرێت ئەوان لەکاتى دەنگدان بە یاساکە چونە ژورەوە و نیسابى یاساییان تەواوکرد ئێستاش داواى یەکڕیزى دەکەن".

 

جەختیشیکردەوە، ئەوان هەڵوێستى تایبەتى خۆیان هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەوڵەدا نین، چونکە لەبەرژەوەندى هەردوو حزبى دەسەڵاتدایە و پارتى دواى ئەوەى داواکارییەکانى لەلایەن سەرۆکى پەرلەمانەوە جێبەجێنەکراوە ئەوکات پەناى بۆ ئەم هەنگاوە بردووە بۆ ئەوەى بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت.

 

ترسی بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە سیستەمى فرە بازنەیی پەیوەندى هەیە بە ترسی لەدەستدانى بەشێک لە کورسییەکانى پەرلەمان بەتایبەتى لەناوچە جێناکۆکەکان، بۆیە جەخت لە یەکخستنى هەڵوێستى کورد دەکەنەوە.

 

جەمال کۆچەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، یەکڕیزى کورد گرنگە لەو بارەیەوە، چونکە بەم شێوەیەى ئێستا کورد زیان دەکات بەتایبەتى لەناوچە جێناکۆکەکان.

 

وتیشى "قسە لەگەڵ ئێمەدا کراوە و ئامادەین بۆ یەکڕیزى لەو بارەیەوە".

 

بەوتەى جەمال کۆچەر، لەئەگەرى پشتبەستن بە فرە بازنەییدا کورد دەوروبەرى 10-12 کورسی لەناوچە جێناکۆکەکان لەدەستدەدات و شیعەکان چاویان لەو کورسییانەیە.



تا ئێستا دیار نییە کورد لەگەڵ پشتبەستن بە چى سیستەمێکدایە بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو، بەڵام پێدەچێت مەیلى بەلاى ئەوەدابێت هاوشێوەى پێشوو پارێزگاکان یەک بازنە بنیاخود لەسەر ئاستێکى فراوانتر بازنەکان دابەشبکرێن.



ئەحمەد حاجى رەشید پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، هێشتا قسەیان لەگەڵدا نەکراوە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەو بۆچونى تایبەتى خۆى هەیە و پێیوانییە ئەو هەوڵە سەربگرێت.



وتیشى "هەردوو سیستەمى تاک بازنەیی و فرە بازنەیی باشى و خراپى خۆیان هەیە، چارەسەرى مامناوەند ئەوەیە عێراق بکرێتە 80 بازنە بەشێوەیەک کە هەر بازنەیەک لەنێوان سێ بۆ پێنج کورسیدا بێت".