گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی کۆچبەران: بەفەرمانی کازمی نوسینگەیەکی وەزارەت لە شەنگال کرایەوە 

2020.09.15 - 15:25
وەزارەتی کۆچبەران: بەفەرمانی کازمی نوسینگەیەکی وەزارەت لە شەنگال کرایەوە 

ناس کورد-

وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە هەموو دەزگا ئەمنییەکان وخزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی خێرای ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی کازمی نوسینگەیەکی سەر بە وەزارەتەکەیان لە قەزای شەنگال کردووەتەوە.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە، 15ی ئەیلولی 2020) عەلی عەباس جاکین، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە حکومەتە خۆجییەکان وهەموو دامەزراوە ئەمنییەکان، خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت کردووە کەشێکی لەبار بۆ گەڕاندنەوەی خێرای ئاوەرەکان بۆ زێدی خۆیان بڕەخسێنن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لەئێستادا سەرقاڵی هەماهەنگییە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی کازمی".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جەختیلەوەشکردەوە، وەزارەتەکەی  بەخێرایی وەڵامی داواکارییەکی سەرۆکوەزیرانی داوەتەوە و لە ئێستادا نوسینگەیەکیان لە قەزای شەنگال کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە ئیزیدییەکان بۆ زێدی خۆیان بکەن".

 

 هەفتەی ڕابردوو مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەیدا بۆهەرێمی کوردستان، کەمپی (قادیا)ى لە قەزای زاخۆ بەسەرکردەوە بەڵێنیشدا بەوزووترین کات کار بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بکات.