گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمى راگەیەندراوێکى لەبارەى نیگەرانى لایەنەکان لەگۆڕینى چەند بەرپرسێک بڵاوکردەوە

2020.09.15 - 14:16
کازمى راگەیەندراوێکى لەبارەى نیگەرانى لایەنەکان لەگۆڕینى چەند بەرپرسێک بڵاوکردەوە

ناس کورد-

سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەى نیگەرانى بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان سەبارەت بە بڕیارى گۆڕینى چەند بەرپرسێکى حکومەت راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە ئەنجامدانى ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕى و یاسایى بوو.

 

لەراگەیەندراوەکەدا مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد گۆڕانکارییەکە کارگێڕى و یاسایى بووە و ئەو بەرپرسانە ماوەى یاسایى بەرپرسیارێتییەکەیان تەواو کردبوو و هەندێکیشیان ماوەکە بەسەریدا تێپەڕى بوو.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانەشى کە لەشوێنیان دانراوون کەسانێکن یان لە ناوخۆى دامەزراوەکان خۆیان راسپێردراوون بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە یان تایبەتمەندى ئەو بوارە کارگێڕییانەن کە ئەرکى بەرپرسیارێتییەکەیان پێ سپێردراوە.

 

لە راگەیەندراوەکەى مستەفا کازمیدا هاتووە:

ئەو گۆڕانکاریانەی کە دوێنێ ئەنجامدران  لە ژمارەیەک پۆستی باڵا  کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان، دژایەتی خۆیانیان دژ بە سیاسەتی پشک پشکینە نیشاندا کە ئەوەش بێگومان ڕەنگدانەوەی تەواوی هەڵوێستی گەلی عێراق بۆ بنیادنانەوەی دەوڵەتێکی بەهێز.

 

گۆڕانکارییەکان  لەچوارچێوەی ڕێکارە ئیدارییەکان و یاساییەکاندا کراون، چونکە بەشێک لەو پۆستانە ماوەی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، ئەو گۆرانکاریانە بەمەبەستی گۆڕانکاری لە جۆری دامەزراوەکاندا ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئەو کەسانەی کە لەو پۆستانەدا دانراون لە بنەڕەتدا خۆیان هەر لە ناو دامەزراوەکەدا بوون لە گەڵ ڕەچاوکردنی فاکتەرەکانی پسپۆرایەتی، شارەزایەتی ،دەستپاکی و فاکتەری هاوسەنگی نیشتیمانی.

 

ئەو لایەنانەی کە کاردانەوەکانیان لەسەر ئەوە بووە کە گوایە ئێمە سیاسەتی پشکپشکێنەمان پیادە کردووە لە گۆڕانکارییەکان، زانیاری و بەڵگەی تەواو لەسەر ئەو پرسە بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی ئێمەش بەجدی لێکۆڵێنەوەى تێدا دەکەین.

 

لایەنەکان دوێنێ بە ڕوونی بێ بەری خۆیان لەو گۆڕانکاریانەدا ڕاگەیاندوە ئیدی چۆن ئێمە بە پیادەکردنی سیاسەتی پشک پشکێنە تۆمەتبار دەکەن.

 

داوای لە هەموو لایەنە سیاسیەکان دەکەین بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ ڕاستییەکاندا بکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت لە چالاکبوونی ئەرکی حکومەت لە پێناو خزمەتکردنی گەلی عێراق و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.

 

دوێنێ (دووشەممە) مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڕێوەبەرى 16 پۆستى گرنگى حکومى پەیوەست بە دەستە و بانک و ئەمیندارێتى و بریکارى وەزارەتەکان، گۆڕى و ئەوەش یەکەم گۆڕانکارى فراوانى لەو شێوەیەى مستەفا کازمی بوو لەو کاتەوە کە پۆستى سەرۆکوەزیرانى گرتووەتە دەست. 

 

بڕیارەکەى کازمى کاردانەوەى بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانى عێراقى لێکەوتەوە و هاوپەیمانی فەتح هێرشیکردە سەر گۆڕانکارییەکان و بێ بەریبوونى لە تێوەگلان لەو گۆڕانکارییانە نیشاندا. 

 

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پۆستە ئیدارییە باڵاکانی حکومەتدا کران مشتومڕێکی  زۆری هەڵگرت، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە هاوپەیمانی فەتحەوە نییە و ئاگاشمان لێی نییە". 

 

وتیشی، "لە بارەی دانانی شێخ سامی مەسعودی لە یەکێک لەپۆستەکاندا، دەمانەوێت ئەوە بخەینە ڕوو ناوبراو هەر لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشودا پۆستی جێگری هەبووە، ئەگەر سەرۆکوەزیران لە ئێستادا دەیەوێت بەو هەنگاوە خۆش ڕەفتاری لەگەڵ  هاوپەیمانی فەتحدا بکات ئەوا مەسعودی زۆر لەو پرسە گەورەترە". 

 

عامری جەختیکردووەتەوە، هاوپەیمانی فەتح تەنها دوو شتی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داواکردووە و چەندین جاریش ئەو داوکارییەی دووبارە کردووەتەوە، "یەکەمیان پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دووەمیشیان ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد". 

 

سائیرون هەڕەشە دەکات 

 

گۆڕانکارییەکان هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە رەوتى سەدرى بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدر توڕە کردووە و هەڕەشە لە پەرلەمانتارەکانى دەکات کە کار بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى. 

 

هاوپەیمانێتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد"توشى شۆک بوون بەبینینى لیستى گۆڕانکاریەکان کە زۆربەیان لە چوارچێوەى حزبى و سیاسیدان، ئەوەش ماناى گەڕانەوەیە بۆ هەمان بازنەى پێشوو". 

 

هەروەها بێبەریبوونى لەو لیستە ڕاگەیاندووە و دەڵێت لەگەڵ ئاڕاستە و هەڵوێستى ئەواندا یەناگرێتەوە بۆ راستکردنەوەى ڕێڕەوە هەڵەکان لە پرۆسەى سیاسی و هەوڵدان بۆ بنیاتنانى دەوڵەتى هاوڵاتى. 

 

ئەو هەڵوێستە دواى چەند خولەکێک هات لە هەڕەشەى ساڵح محەمەد عێراقى وەزیرى سەدر لە پەرلەمانتارانى رەوتەکە کە خۆیان بێبەرى بکەن لەو گۆڕانکارییانە و کار بۆ هەڵوەشاندنەوەى بکەن. 

 

هاوکات هەر دوێنێ (دووشەممە) گاتع رکابی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ یەکێک لە میدیا عێراقییەکان وتی " گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکان و دامەزراندنی کەسانی دیکە لەو پۆستانە گەلی عێراقی نیگەران کرد". 

 

وتیشی "کەسانێک لەوپۆستانە دانراون کە زیاتر سیاسەتی پشک پشکێنە و تایفەگەری لە عێراقدا دەچەسپێنێت". 

 

 بەوتەی ڕکابی "گۆڕانکارییەکان بۆ ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدراوە و بەهیچ شێوەیەک ئامانجی عێراقییەکان ناهێنێتە دی، پێویستە ئەو پۆستانە ڕادەستی کەسانی خاوەن ئەزمون بکرێن دوور لە هەموو لایەنگیرییەکی سیاسی". 

 

هەڵوێستى حکومەت لەسەر ناڕەزاییەکان 

 

حکومەتى عێراق جەختدەکاتەوە کە لایەنە سیاسییەکان مافى خۆیانە ناڕەزایی دەربڕن لەو بارەیەوە، بەڵام دەسەڵاتى کۆتایی دیاریکردنى کەسەکان مافى مستەفا کازمییە و پێیانوایە ئەو کەسانە دەتوانن ئەو ئەرکانە بەجێبهێنن کە پێیان سپێردراوە. 

 

ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژ بەناوى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئەو بنەمایەى کە سەرۆکوەزیران پشتى پێبەستووە بۆ راسپاردنى ئەو کەسانە شارەزایی و دەستپاکى بووە، هیچ رێگرێکیش نییە بۆ بوونى ئەو کەسانە کە سەر بە حزبەکان بن. 

 

وتیشى "لەوڵاتێکدا کەتێیدا رێگە بە ئازادى رادەربڕین درابێت، ئاساییە مشتومڕ لەسەر هەنگاوەکانى حکومەت دروستبێت، لەناویاندا راسپاردنى کەسانى نوێ بۆ پۆستە باڵاکان". 

 

ئەحمەد مەلا تەڵال جەختیکردەوە، سروشتى ئیداریی پێویستى بە گۆڕانکاریى هەیە لەپۆستە باڵاکان بۆ گۆڕینى سیاسەتى دامەزراوەکان.