گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەزگای دژە تیرۆری عێراق تواناى داماڵینى چەکى میلیشیاکانى هەیە؟ 

2020.09.15 - 13:49
دەزگای دژە تیرۆری عێراق تواناى داماڵینى چەکى میلیشیاکانى هەیە؟ 

ناس کورد –

دوو توێژەرەی عێراقی شارەزا لەبواری ئەمنی و ستراتیژی، لەو بڕوایەدان توانا و دەسەڵاتی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە سنوردارە، داواشدەکەن کازمی ئەرکەکانی ئەو دەزگایە فراوانتر بکات و بەشێوەیەکی کرداری دەستکراوەتریان بکات.

 

ڕەعد هاشم، توێژەرى عێراقی شارەزا لە کاروباری ئەمنی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "حورە"ی ئەمریکی لە بارەی توانا و دەسەڵاتی هێزی دژە تیرۆری عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە دەڵێت "لە ئێستادا دۆسیەی چەکی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و دەزگای دژە تیرۆری عێراق یەکێکە لەو دۆسیە ئاڵۆزانەی کە ڕوبەڕوی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووەتەوە، چونکە بەشێکی زۆر لەهاووڵاتیانی عێراق پرسیاری ئەوەیان لا گەڵاڵە بووە ئایا دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە بتوانێت دوچاری ئاڵنگارییەکان بێتەوە؟".

 

هاشم دەشڵێت "گروپە چەکدارەکان لە عێراق  بەڕوکەشانە لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبیدان کە بەشێکە لە سیستمی ئەمنی عێراق، بەڵام ئەوە تێبینی کراوە ئەو گروپە چەکدارانە بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن وبە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەبنەوە لە ئەگەری بەرپەرچدانەوەیان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێکی زۆری ئەو گروپانە لەڕووی بیر و باوەڕەوە لایەنگری عەلی خامنەیین، ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامی ئێران".

 

ئەو توێژەرە باسى لەوەشکردوە "دانانی عەبدولوهاب ساعدی، لە پۆستی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەلایەن کازمییەوە عێراقییەکانی دڵخۆشکرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ناوبراو لەلایەن عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە دوورخرابوەوە، گەڕاندنەوەی ساعدی یەکێک بوو لەداواکارییەکانی خۆپیشاندەران".

 

 دەسەڵاتەکانی دەزگای دژە تیرۆری عێراق چین؟

 

ڕەعد هاشم، لە بارەی دەسەڵاتەکانی ئەو دەزگایە ڕاپرسییەکی لە هەژمارەی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە و لە عێراقییەکانی پرسیوە ئەگەر کازمی دەسەڵاتی تەواو بدات بە  دەزگای دژە  تیرۆری عێراق، ئەو دەزگایە دەتوانێت ڕوبەڕوی گروپە چەکدارەکان بێتەوە و قەبارەیان سنوردار بکات؟، لە ئاکامدا بەشێکی زۆر لە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دابەشبوون بەسەر دوو  بەرەى جیاواز (دڵنیابوون ونا دڵنیابوون) ".

 

بەوتەی هاشم "دەزگای دژە تیرۆری عێراق تا ئەم ساتە دەسەڵاتی ئەوەی پێ نەدراوە ڕوبەڕوی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە ببێتەوە".

 

وتیشی "زۆربەی ئەوانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە داویان لە حکومەتی عێراق کردووە دەسەڵاتی ئەو دەزگایە زیاتر فراوانتر بکات، چونکە ئەو دەزگایە پێشتر ئەوەی سەلماندووە کە توانایەکی بێ هاوتای هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش".   

 

ئەو توێژەرە عێراقییە داواشی لە کازمی کردوە، "دەسەڵاتەکانی دەزگای هەواڵگری عێراق و دەزگای دژە تیرۆر بەشێوەیەکی کارا فراوانتر بکات، چونکە ئەو دوو دەزگایە کەمتر لەلایەن لایەنگرانی ئێرانەوە دزەی تێیدا کراوە ولە هەمانکانیشدا کەسانی خاوەن ئەزمون و پسپۆڕتێیدا کاردەکەن".

 

بەبڕوای هاشم" پاڵپشتیکردنی دەزگای دژە تیرۆر لەلایەن حکومەتەوە تەنها لەڕێگەی پێدانی دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆن، پشکنین و دەستگیرکردن نابێت، بەڵکو دەبێت ئەو دەزگایە لەلایەن دادگاکانەوە پاڵپشتی بکرێت و فەرمانەکانی دەستگیرکردن بۆ ئەندامانی ئەو گروپانە دەربکرێت پاڵپشت بە بوونی بەڵگەی تەواو بۆ ئەوەی جارێکی تر نەتوانن بەئاسانی لە زیندان و سزاکان ڕزگاریان بێت".

 

 پیادەکردنی ڕێگای دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکی میلیشیاکان

 

وەهاب بلال، توێژەر لە سیاسەتی خۆڕهەڵاتی نزیک لە پەیمانگای واشنتۆن لەو باریەوە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "حورە"، دەڵێت "کازمی بەدڵسۆزانە کار دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیاکان".

 

وتیشی "کازمی دەزانێت ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانە بژاردەیەکی باش نییە، بۆیە لەئێستادا بەڕێگەیەکی دیکە ڕوبەڕویان بووەتەوە ئەوەش بە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان".

 

ئاماژەى بەوەشکرد "هێشتا زووە هەنگاوەکانی کازمی لەو بارەیەوە هەڵبسەنگێنین".

 

 بەبڕوای بلال "بەشێک لە هەنگاوەکانی کازمی لەو بارەیەوە بستراوەتەوە بە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی خۆی وەک سەرۆکوەزیران و بەشەکەی دیکەشی پەیوەندی بە ڕازیکردنی خۆپیشاندەرانەوە هەیە کە ئەویان گەیاندوەتە ئەو دەسەڵاتە".