گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارى دەستگیرکردنى 23 فەرمانبەریش درا

چونە دەرەوە لە هەردوو پارێزگاى ئێستا و پێشووى کەرکوک قەدەغەکرا و رەوانەى دادگا دەکرێن

2020.09.15 - 09:20
چونە دەرەوە لە هەردوو پارێزگاى ئێستا و پێشووى کەرکوک قەدەغەکرا و رەوانەى دادگا دەکرێن

ناس کورد-

دەستەى نەزاهەى عێراق فەرمانى ئامادەبوونى پارێزگارى ئێستا و پێشووى کەرکوکى لەبەردەم دادگا و قەدەغەکردنى چونە دەرەوەیانى لە عێراق دەرکرد، لەگەڵ دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ 23 فەرمانبەر لەدۆسیەى تایبەت بە دروستکردنى قوتابخانەدا.

 

دەستەکە ئەمڕۆ (سێشەممە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دادگاى لێکۆلینەوەى تایبەت بە دۆسیەیەکى دەستپاکى لە کەرکوک، فەرمانیکردووە بە ئامادەبوونى پارێزگارى کەرکوک و بەرێوەبەرى بیناى قوتابخانەکان لە پارێزگاکە، بەپێی ماددەى (340)ى یاساى سزادان.

 

ئاماژەى بەوەشکردوە، هۆکارى ئەو بڕیارە بوونى بەهەدەردانى داهاتى گشتییە لە پرۆسەى دروستکردنى قوتابخانە بەرێگەى بیناى ئامادەکراو کە دراوە بە یەکێک لە کۆمپانیا بیانییەکان بەبودجەى (57,894,000,000)  ملیار دینار.

 

دەستەى نەزاهە ئاماژەى بەوەشکردووە، فەرمانەکە هەروەها پارێزگارى پێشووى کەرکوکیش دەگرێتەوە. لەگەڵ دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن و رێگریکردن لە گەشت بۆ (23) فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردە، کە بەرێوەبەرى گشتى پێشترى تێدایە.

 

دۆسیەکە تایبەتە بە دروستکردنى (25) قوتابخانە لەسەر شێوەى بیناى ئامادەکراو کە دراوە بە کۆمپانیایەکى بیانى و کۆتایی مانگى ڕابردوو دەستەى نەزاهە لێکۆڵینەوەکانى لەو بارەیەوە دەستپێکرد.

 

دەستەکە ئەوکات ئاشکرایکردبوو، کۆمپانیاکە گۆڕانکاریی لە نەخشەى سەرەکیدا کردووە و ژمارەى قوتابخانەکانى بۆ (18) قوتابخانە کەمکردووەتەوە و روبەرەکەشى دەستکاری کردووە، بەپێچەوانەى بەندەکانى گرێبەستەکە، بەبێ وەرگرتنى رەزامەندى لە وەزارەتى پلاندانان.