گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر لە دوو مانگ بێ بەڕێوەبەر بوو

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى دیارى کرا

2020.09.15 - 08:47
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى دیارى کرا

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى بەڕێوەبەرێکى نوێى بۆ نەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى دیارى کرد، لەپاش ئەوەى کە بەڕێوەبەرى پێشووى نەخۆشخانەکە دەستى لەکار کێشایەوە.

 

د.یاد نەقشبەندى وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى هەواڵى بوون بە بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵ دەدات ببێتە هیوایەک بۆ نەخۆشانى هیوا.

 

د.یاد نەقشبەندى لەبارەى ئەو ئەرکەى کە وەک بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا پێى سپێردراوە نووسیویەتى "مرۆڤ لەهەرشوێنێک بێت تەنها نیەتی باش بێت ئەتوانێت خزمەت بکات، دوای ڕاسپاردنم بۆ بەرێوبەری نەخۆشخانەی هیوا، چۆن پێشتر هەوڵم داوە خزمەتی هەموان بکەم، لە ئێستاوە هەوڵ و تەقەلاکانم دوو هێندە زیاد دەکەم بۆ ئەوەی ببمە هیوایەک بۆ نەخۆشانی هیوا".

 

ئاماژە بەوەش دەکات "هەوڵ دەدەم لە ئاست ئەو متمانەیەی ئێوەی بەرێزدا بم و لەم ئەرکە نوێیەمدا خزمەتێکی زیاتر بکەم."

 

ڕۆژى (12ى تەمووزى 2020)، د.دۆستى نەجات دەستلەکارکێشانەوەى خۆى لە پۆستى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا راگەیاند.

 

د.دۆستى لەبارەى دەستلەکارکێشانەوەکەى ئاماژەى بەوە کردبوو "دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن دەستلەکارکێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش کرد".

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردبوەوە "بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر روەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر و بەو هۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم".