گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لە هاتووچۆی سلێمانی دوو کۆمپانیا دەستبەکاربوون و پارە لە خەڵک وەردەگرن’

عەلی حەمە ساڵح بۆ هاتووچۆی سلێمانی: ئەم سەرانە وەرگرتنە ڕابگرن

2020.09.14 - 15:25
عەلی حەمە ساڵح بۆ هاتووچۆی سلێمانی: ئەم سەرانە وەرگرتنە ڕابگرن

ناس کورد-

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دوو دۆسییە لەسەر کاری دوو کۆمپانیا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەداتە داواکاری گشتی و دەڵێت "دوو کۆمپانیا دانراون و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن". 

 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ کردوە و تیایدا داوا دەکات "ئەم سەرانە وەرگرتنە بەناوی کۆمپانیا ڕابگرن".

 

لەنامەکەیدا عەلی حەمە ساڵح نوسیویەتی: "ئێوە بڕیارتاندابوو پێداچونەوە بە گرێبەستی ھەموو ئەو کۆمپانیایانەدا بکەن، کە لە خاڵی سنوری و بازگەکان و شارەوانی و دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ؛ لە بری حکومەت پارە لە خەڵک وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی کە بە ناڕەوا پارە وەردەگرن، کەم بکات؛ لەم کابینەدا زیاد دەکات".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە "لە دوایەمین پێشھاتدا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی دوو کۆمپانیا دەستبەکاربونیان بۆ دەکرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەلای کەمەوە ڕۆژانە 60 ملیۆن دینار لە ھاووڵاتیانی ئەم شارە وەردەگرن!". 

 

یەک: پشکنینی بەڕاد...

عەلی حەمەساڵح ڕونیکردووەتەوە "پێشتر کە ئۆتۆمبیل پشکنینی ھەزەی دەکرد، لەگەڵیدا بەبێ بەرامبەر پشکنینی بەڕادی بۆ دەکراو ھیچ گرفتێک نەبوو بۆ شۆفێرو بۆ حکومەتیش، ئیستا پشکنینی بەڕاد دراوە بە کۆمپانیایەک، دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەم پشکنینە ڕۆتینە بچێتە کەڵەوانان لەوێشەوە 20 خولەک بە جادەی خۆڵدا بچێت و پشکنینێک بە 25 ھەزار بکات لای کۆمپانیایەک".

 

جەختیشیکردووەتەوە : " ڕۆژانە نزیکەی ھەزار ئۆتۆمبیل ئەم ڕێگا ببڕن و ھەریکە 25 ھەزار بدەن، تەنیا لە پێناوی قازانجی کۆمپانیایەک و ھیچی تر".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەروەها پێشتر 42 ھاووڵاتی ھەژار سەرقاڵی عەریزە نوسین بون، نانبڕاوکران، بەناوی سیستمی ئەلیکرۆنی، کە لە بنەڕەتدا تەنیا نوسینە بە کۆمپیوتەر، کەسێک دانراوە لەبەر دەرگای فەرمانگەی پۆلیسی ھاتووچۆ، ھەر ھاووڵاتیەک بچێت، پێی دەڵێت، دەبێت بچیت بە کۆمپیوتەر عەریزەکانت بنووسیت".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە :"پێشتر نوسینی عەریزەیەک دوو ھەزار دینار بوو، ئێستا دوو دێڕ بنوسێت پێنج  ھەزارت لێوەردەگرن، بۆ ئستنساخ پێویستی مامەڵە دەگاتە 20 ھەزار دینار".

 

عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "جگە لەو قەرەباڵخیە زۆرەی دروستکراوە، ئەمەش تەنها دەرکردنی سەدان ملیۆن دیناربوو لە گیرفانی ھاوڵاتیانی ئەم شارە بۆ کۆمپانیایەک کە ڕۆژانە نزیکەی هەزار و 350 کەس ڕودەکاتە ئەم فەرمانگە".

 

ئەوەشی ئاشكراکردووە: " پاش پرسیارکردن، وەڵام ئەوەبوو پێشتر لە ھەولێر ھەمان کار کراوە!! واتە، نەقڵی کارێکی ناڕەوایەو قوربانی ھاوڵاتیە".

 

عەلی حەمە ساڵح جەختیکردۆتەوە لە ڕێگای پەرلەمانەوە بە فەرمی کاریان لەو دۆسیانەدا کردوە و ناردویانە بۆ داواکاری گشتی.