گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’تێپەڕاندنى یاسای هەڵبژاردنەکان و دادگاى فیدراڵى خاڵە سەرەکیەکانن’

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان 5 مەرجى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دیاریکرد 

2020.09.14 - 14:55
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان 5 مەرجى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دیاریکرد 

ناس کورد- 

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئامادەیى خۆى نیشاندا بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت و بۆ ئەو کارە 5 مەرجى دیاریکرد و ستایشى راگەیەندراوەکەى عەلى سیستانى کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا. 

لەڕاگەیەندراوێکدا کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، بەبایەخەوە پێشوازى لەڕاگەیەنراوە مێژوویەکەى عەلى سیستانى مەرجەه=عى باڵاى شیعەکان دەکەن لەمیانى کۆبونەوەى لەگەڵ جینین بلاسخارتى نوێنەرى تایبەتى ئەمیندارى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق لەڕۆژى (یەکشەممە، 13ى ئەیلولى 2020) لەبارەى ئەنجامدانى پڕۆسەى هەڵبژاردنەوە لەساڵى داهاتوودا.



راگەیەندراوەکە ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، وتە بەنرخەکانى مەرجەعیەت پەیوەست بەهەڵبژاردنى پەرلەمانەوە کە بڕیارە ساڵى داهاتوو ئەنجام بدرێت ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ ئەوەى مەرجەعیەت پەرۆشە بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکى ئازاد و پاک و هاندانى هاووڵاتیان بۆ بەشداریکردن تیایدا.

 

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان ئەوەشى خستووەتە ڕوو، پابەندى تەواو دەبن بۆ کارکردن بەپێى دەستور و بەڵێنى ئەوەش بەخەڵکى دەدەن کە دەنگەکانیان بەئەمانەت و بەگوێرەى یاسا بپارێزن ئەوەش بەئەنجامدانى هەڵبژاردن بەپێوەرى شەفافیەت بەگوێرەى سیستمە دیموکراتیەکان.

 

کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان ئامادەیى خۆى پیشانداوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان دواى بەدیهاتنى ئەم مەرجە زانستیانەى خوارەوە کە بەچەند خالێک دیارى کردووە:.

 

یەکەم : پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەکان بەپەلە تەواو بکات و لەڕۆژنامەى فەرمیى بڵاوى بکاتەوە، بەوپێیەى چوارچێوەیەکى یاساییە بۆ پڕۆسەکە.

 

دووەم : پەرلەمان پڕۆژە  یاساى دادگاى فیدراڵى تەواو بکات چونکە ئەو تەنها لایەنە دەسەڵاتى ڕاستاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى هەیە.

 

سێیەم : حکومەت بودجەیەکى تایبەت بەهەڵبژاردن و پێداویستیەکان تەرخان بکات کە کۆمسیۆن  پێشتر داواى لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، ئەوەش یارمەتى بەڕێکردنى کارەکانى کۆمسیۆن دەدات بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکە لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا بکرێت.

 

چوارەم: ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندبێت بەدامەزراندنى دوو بەڕێوەبەرى گشتى هەڵبژێدراو لەلایەن کۆمسیۆنەوە.

 

پێنجەم: کۆمسیۆن داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە تایبەتمەندەکان دەکات بۆ پاڵپشتیکردنى هەلبژاردنەکە و ڕەخساندنى کەشوهەوایەک بۆ چاودێریکردن و سەرخستنى هەڵبژاردانێکى ئازاد و شەفاف و پاک کە نمایندەى ڕاستەقینەى ئیرادەى گەلى عێراق بکاتەوە، سەربارى زیادکردنى ژمارەى شارەزایان و دابەشکردنیان بەسەر پارێزگاکاندا و کورتنەکردنەوەیان لەچەند ناوچەیەک کە لەگەڵ سروشتى کارەکاندا یەک نەیەتەوە.