گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانیشتوانەکەى دوچارى جێهیشتنى زۆرە ملێ و ڕفاندن بوونەتەوە

توفیل شارۆچکەیەکى لوبنانى لەژێر دەسەڵاتى چەکدارەکانى حزبوڵادا 

2020.09.14 - 13:48
توفیل شارۆچکەیەکى لوبنانى لەژێر دەسەڵاتى چەکدارەکانى حزبوڵادا 

ناس کورد-

دواى سەرهەڵدانى شەڕو ئاڵۆزییەکانى سوریا، چەندین ساڵە حزبوڵاى لوبنانى دەستى گرتووە بەسەر گوندى توفیلى لوبنانیدا کە دەکەوێتە سەر سنورەکانى سوریا و بەوتەى دانیشتوانەکەى لەئێستادا ناچار بە جێهێشتنى زۆرە ملێى گوندەکە و دانى باج و سەرانە کراونەتەوە ئەوەش بەپاساوى کردنى ناوچەکەیان بەسەربازى بۆ بەرەنگاربوونەوەى چەکدارە یاخییەکانى سنورەکە ، دانیشتوانى گوندەکە دەشڵێن، گوندەکەیان لەلایەن بەرپرسانى حزبوڵاوە کراوەتە شوێنى قاچاخچێتى بەمادەى بێهۆشکەر و بازرگانى چەک و تەقەمەنییەوە.

 

توفيل، گوندێکى دوورە دەستە و دەکەوێتە سنورەکانى سوریاوە وڕووبەرەکەى 52 کیلۆمەتر چوار گۆشەیە و 57 کیلۆمەتر لەدیمەشقى پایتەختى سوریاوە دوورە.

 

ساڵى 2014 دانیشتوانەکەى بۆ یەکەمجار بەتەواوەتى ئاوارە دەبن کاتێک حزبوڵاى لوبنانى هەوڵیدا بیکاتە ناوچەیەکى سەربازى بەبیانوى شەڕى چەکدارە یاخیبووەکان لەسنورەکانى سوریا لەناوچەى قەلمون.

 

بەگوێرەى زانیارى دانیشتوانەکەى ئەو گوندە، 27 تاپۆى میرى ڕێگەپێنەدراوى هەیە کە هەر تاپۆیەکى بریتیە لە 2 هەزار و 400 بەش و خاوەنى 600 بەشى بۆ پیاوێک بەناوى محمود ئەحمەد خەفانجەر دەگەڕێتەوە کە لەباشوورى لوبنانە و ماوەیەکى زۆرە بزربووە و هەروەها 1800 بەشى بۆ بانکى لوبنان دەگەڕێتەوە دواى مایە پوچبوونى بانکى مەبکۆ لەساڵى 1980 کە بەشى زۆرى لەگوندەکەدا هەبوو.

 

سەرچاوەیەک لەو گوندە کەقسەی بۆ کەناڵى حوڕەى ئەمریکى کردووە باس لەوە دەکات، خەڵکى ئەو گوندە لەسەردەمى بوونى تورکەکان لەو ناوچەیە زیاتر لە سەد ساڵى پێش ئێستا ودواتر ئینتدابى فەڕەنیسیەوە لەو ناوچەیە دەژین کە لەلایەن دوو دەرەبەگەوە لەبانکى مەبکۆیان کڕیوە.

ئەو میدیا ئەمریکیە باسى لەوەش کردووە، لەئێستادا پیاوێک پەیدابووە بەناوى حەسەن دەقۆ کە نزیکە لەحزبوڵاى لوبنانیەوە بانگەشەى ئەوە دەکات کە ئەو گوندە موڵکى ئەوە.

 

سەرچاوەکە رونیکردۆتەوە، مانگى حوزەیرانى ڕابردوو دەقۆ چۆتە گوندەکەیان وتوویەتى ئەو هەموو گوندەکەى لەخەنافەر و بانکى لوبنان کڕیووە لەڕێگەى بریکارنامەوە و دواتر سۆراغى ئەو کارەیان کردووە دەرکەوتووە 600 بەشى لەبانکى لوبنان و پارێزەرەکانى خەنافەرەوە کڕیووە.

ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە موختارى گوندەکە کە سەر بەحزبولاى لوبنانیە لەڕێگەى زانیارى نادروست لەسەر گوندەکە هاریکارى دەقۆى کردووە بۆ کارەکەى.

 

بەگوێرەى وتەى دانیشتوانى گوندەکە لەئێستادا دەقۆ لەبەرامبەر مانەوە لەگوندەکە داواى باج و سەرانە یاخود جێهێشتنى دەکاتەوە.

 

ڕێڕەوەێک بۆ قاچاخچێتى

 

ئەبو عەلى کە هاووڵاتیەکى گوندەکەیە بەکەناڵى حوڕەى ڕاگەیاندووە، دەقۆ شەریکە لەگەڵ بەرپرسێکى ئەمنیى حزبوڵادا سەرقاڵى کارى بازرگانى و قاچاخچێتین بەتایبەت مادەى بێهۆشکەر هەناردەى وڵاتان دەکەن لەوانە ئیتاڵیا و یۆنان.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، گوندەکەیان بۆ ئەو کارە ناوچەیەکى ستراتیژییە و کردویانە ڕێڕەوێک بۆ قاچاخچێتى مادەى بێهۆشکەر و چەک و چەندین شتى قەدەغەکراوى دیکە چونکە بەتونێلێک چەند پارێزگایەکى سوریا و لوبنان بەیەکەوە بەستراوە.

 

ڕفاندن و ترساندنى خەڵکى گوندەکە

سەرچاوەکە باسى لەوەش کردووە، دواى ئەوەى مانگى حوزەیرانى ڕابردوو کۆمپانیاى سیزر چووەتە گوندەکە و دەستى کردووە بە کارەکانى و دانیشتوانەکەى ناچار کردووە بەجێى بهێڵن و زیاتر لە400 دارى بەردارى هەڵکەندووە، لەلایەن هاووڵاتیەکەوە بەناوى مەنسور شاهین سکاڵا تۆمار کراوە دواتر دادوەرى پارێزگاى بەعلەبەک لەبەرژەوەندى ئەو هاووڵاتیە بڕیارى دەرکردووە.

 

سەرچاوەکەى کەناڵە ئەمریکیەکە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە دواتر بڕیارەکەى دادگا پشتگوێ خراوە و شاهێن لەلایەن چەکدارانى حزبوڵا و سوپاى سوریاوە ڕفێنراوە و دواتر بەڕووتى بەناو گوندەکەدا گەڕێنراوە بۆ بڵاو کردنەوەى ترس و دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتوانەکەى.

 

هەموو شتێک لەژێر دەستى حزبوڵادایە

 

هاووڵاتیەکى دیکەى گوندەکە بەناوى ئەبو مستەفا بەکەناڵى حوڕەى ڕاگەیاندووە، نەهامەتیەکى زۆریان بەدەستى بەرپرسە قاچاخچیەکانى حزبوڵاوە هەیە و هەموو شارێک بەدەستى چەکدارانى حزبوڵا و ڕژێمى سوریاوەیە و تەنانەت سوپاى لوبنان دەسەڵاتى بەسەریاندا نیە.

 

ئەبو مستەفا باسى لەوەش کردووە، ناتوانن هیچ شتێک بکەن خێرا دووچارى هەڕەشەى کوشتن و سەرانە وەرگرتن دەبنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەو ناوچەیە وەکو پەناگەیەکى ئارامى سەربازى بۆ حزبوڵا بمێنیتەوە و بیکاتە شوێنى قاچاخچێتى مادەى بیێهۆشکەر و چەک و تەقەمەنى.