گه‌ڕان

Shadow Shadow

ململانێى دكتۆر بەرهەم و نەیارە سیاسییەكانی بەرەو كوێ؟

2020.09.14 - 12:02

عەبدولڕەحمان محەمەد مەمەند

عەبدولڕەحمان محەمەد مەمەند

لەوانەیە هیچ فیگەرێكی سیاسی كوردی لەم دوو ساڵەی دوایدا لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، هێندەی بەرهەم ساڵح – چ بە چاك و چ بە خراپ- قسە و باسی لەسەر نەكرابێت، بە تایبەتیش لە میدیاكاندا، چ ئەوانەی نەیارن و چ ئەوانەش دۆست و پشتیوانی بوون، بە ڕادەیەك كردیانە كەسایەتییەكی جەدەلی كە لەو ماوەیەدا زۆرترین مشتومڕی لەسەر كراوە.

 

لەم دوو ساڵەی دوایدا، بە تایبەتیش لەوساوەی پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت، نەیارەكانی زیادیان كرد، چ لە ناو حزبەكەی و چ لە دەرەوەی حزبەكەی، سرووشتی پۆستەكەشی وای دەخواست لە چوارچێوە هەرێمییەكەیدا هەڵسوڕێت و زیاتریش لە جاران باز بداتە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی پەیوەستن بەو ململانێیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچن، ئەمەش یار و نەیاری زیاتری لە ئاستی ناوخۆ و هەرێمیدا بۆ پەیداكردن.

 

سەرباری توانستی زەبەلاحی ماددی و مرۆیی نەیارەكانی كە لەگەڵ كەرەستەكانی بەردەستی سەرۆك كۆماردا بەراورد ناكرێن، كەچی پێدەچێت ووردە ووردە و بە پلەبەندی هاوكێشەكە لە بەرژەوەندی سەرۆك كۆمار بشكێتەوە، هێرشی چڕی نەیارەكانی ئەویان لە جوڵە نەخستووە، لە هەر كات و زەمانێكدا دەرفەتێكی بۆ بڕەخسێت، هەوڵی درێژەدان بە دیدگا و بۆچوونە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی دەدات.

 

وادەردەكەوێت كە  شكستی نەیارەكانی سەرۆك كۆمار لەو جەنگەی بەرێوەی دەبەن، هێندەی پەیوەست بە خۆیانەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە سەرۆك كۆمارەوە. دەكرێت هۆكارەكانیش لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە:

 

یەكەم/ هەموو ئەو تۆمەتانەی نەیارەكانی دەیاندایەپاڵ بەرهەم ساڵح بە تایبەتیش عێراقچییەتی، سیفەت و ماكی ڕەسەنی خۆیانە، هەر خۆشیان خولقێنەر و داهێنەر و پراكتیزەكاری ئەو سیفەتە خراپانە بوون، بۆیە نەیانتوانی باوەڕ بە شەقامی ناڕازی بێنن، تا ئاستی تۆمەتەكانیشیان بەرەو سەرتر دەبەن، خۆیان زیاتر ڕۆدەچوونە شكستی سیاسی و دارایی و كارگێڕییەوە، بۆیە لە عێراقدا خەڵك لێیان هاتەسەر شەقام و لە هەرێمیش كەس ئيرەیی بە نەیارەكانی بەرهەم ساڵح نابات.

 

دووەم / زۆرێك لە نەیارەكانی بەرهەم ساڵح خاوەن دیدگایەكی تەندروست و ساغلەم نین لە حوكمڕانیدا، كۆنەپارێزن و نەیاری سەرسەختی چاكسازی ڕاستەقینە و گۆڕانكارین، ترسیان لەوەیە گۆڕانكارییەكان زێدەمافەكانیان نەهێڵێت، كارتی یاریكردن لەسەر پەتی بەها نەتەوەیی و ئاینییەكاینان سوتاوە، پاشكۆی ئەم و ئەون و خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نین، متمانەی ناوخۆیی و دەرەكیشیان لەدەست داوە، خاوەن دیدگا و پلان و ڕێكخستنێكی ڕاستەقینەش نین لە چارەسەركردنی تەنگژە جۆراوجۆرە كەڵەكەبووەكاندا.

 

سێیەم/ نەیارەكانی بەرهەم ساڵح ئەوەندی قسەیان هەیە كردەوەیان نییە، سست و خاوخلیچن و لە مەیدانی كردەییشدا دەستكەوتێكی بەرچاویان نییە شەقامی پێ ڕازی بكەن، لەولاشەوە دۆخی وڵات خراپتر و خراپتر دەبێت، كەچی ئەوان هەنگاوێكی كردەیی نانێن بۆ چاككردنی دۆخەكە، خەڵكیش لەوە بێ ئومێد بووە ئەوان نیەت و نیازی چاكسازییان هەبێت.

 

چوارەم/ ئاراستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی زلهێزانی جیهان بە پێچەوانەی وویست و ئارەزوو و كار و كردەوەی زۆرینەی نەیارەكانی بەرهەم ساڵحە، پلان و سیاسەتەكانی ئەوان بۆ ناوچەكە هاوتەریب نییە لەگەڵ پلان و سیاسەتەكانی نەیارەكانی بەرهەم ساڵح، ئەوان دەسەڵاتێكیان بەلاوە پەسەند نییە پاشكۆی دەوڵەتانی هەرێمی و دەوروبەر نەبێت، بتوانێت سەربەخۆیی نیشتمانی عێراق بپاریزێت و ئاشتی و ئارامی ناوخۆیی و هەرێمیش دەستەبەر بكات، بۆیە ڕەووتە سیاسییە جیهانییەكە متمانەیان بەو فیگەرە سیاسییانە نەماوە لەوەی بتوانن هەوێنی تەبایی ناوخۆیی و دەرەكی بن لە ناوچەكە.

 

*پارێزەری ڕاوێژكار