گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگاتان لێیە؟’

پڕۆژەیەک لە هەولێر قەدەغەیە کرێکاری کورد کاری تێدا بکات

2020.09.14 - 10:49
پڕۆژەیەک لە هەولێر قەدەغەیە کرێکاری کورد کاری تێدا بکات

ناس کورد-

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بۆ کارێکی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چووەتە پڕۆژەیەک لەشاری هەولێر و دەڵێت، قەدەغەیە کرێکاری کورد لە پڕۆژەکە کار بکات سەرجەم کرێکارەکانی بیانین، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، سەبارەت بەزۆری کرێکارانی بیانی پڕۆژەیەکیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراونەتەوە.

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 14ی ئەیلولی 2020)، فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند  "لە هەڵمەتێکدا دەست بەسەر دەیان ماتۆڕسکیلی بێ تابلۆو بێ سەرەتا گیرا کەخاوەنەکانیشیان مۆڵەتی شوفێریان نەبوو، سەرجەم ماتۆرسکیلەکانیش هی خەڵکانی (سوری، لوبنانی، میسری، عەرەبی دانیشتوی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عیراق) بوون و لەپڕۆژەی گوندی لوبنانی کاریان دەکرد."

 

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە " ئێمە لێرەوە سەرەڕای کارەکانی خۆمان وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگادار دەکەینەوە، ئاخۆ ئەوان ئاگادارن کەپڕۆژەیەک لەپایتەخت جێبەجێ دەکرێت و قەدەغەیە کرێکاری کورد کاری تیا بکات؟، چونکە ئێمە لەناو هەموو کرێکارەکان گەڕاین بۆ دۆزینەوەی گەنجێکی کورد، بەڵام بەداخەوە نەماندۆزیەوە".

 

ئەگەرچی ئامارێکی فەرمی تایبەت بەژمارەی کرێکارانی بیانی لەهەرێم نییە، بەڵام پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە 20 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێم کاریان دەکرد، ئەوە جگە لە کرێکارانی عەرەبی ناوچەکانی خوارووی عێراق.

 

لەو بارەیەوە، ئاریان محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەناس کوردی ڕاگەیاند "ئێمە دەزانین ئەو کێشەیە ماوەیەکی زۆرە هەیە، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی کار کێشەکە زیاتر زەق دەبێتەوە و هەستی پێدەکرێت".

 

وتیشی "هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەچەند مانگێکی کەم، پڕۆژەیەکمان دایە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێکخستنەوەی کاری کرێکارانی بیانی و هەروەها هەموارکردنەوەی یاساکانی مافی کرێکار، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە".

 

وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشكرد "دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە خاوەنکارەکان دەڵێن، ئەوەی کرێکاری بیانی دەیکات کرێکاری کورد نایکات و بە پارەیەکی کەمتریش کاردەکەن، هەرچەندە پێدانی بڕی پارەی کار مافی کرێکارە و نابێت لەمافی خۆی کەمتری پێبدرێت".

 

ئاریان محەمەد جەختیشیکردەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموارکردنی یاساکانی تایبەت بە مافی کرێکاران زۆر گرنگە، پێویستە کرێکاران و هەموو ئەو کەسانەشی لەکەرتی تایبەت کاردەکەن، بەگوێرەی گرێبەست کاربکەن و هەموو مافەکانیان لە گرێبەستدا پارێزراوبێت.