گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆڵبەرێکی کورد بە برینداری دەستگیرکرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر کوژرا

2020.09.14 - 10:18
کۆڵبەرێکی کورد بە برینداری دەستگیرکرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر کوژرا

ناس کورد-

بەگوێرەى ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕووداوێکی ناخهەژێندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک لەدوای بریندارکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ڕۆژی (شەممە، 12ی ئەیلولی 2020)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنورەکانی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی “سەڵاحەدین عیسازادە” کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو رێکخراوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران دوای بریندارکردنی کۆڵبەرەکە، دەستگیریانکردووە و ئەشکەنجەیان داوە و لە کۆتایدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتویانە.

 

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەڵاحەدین عیسازادە تەمەنی 45 ساڵ و خەڵکی گوندی شێوەسماکی سەربە شاری شنۆ بووە کە دوای کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ ساردخانەی شاری نەغەدە و ناوەندە ئەمنیەکان بە مەرجی ئەوەی هیچ قسەیەک لەسەر ڕووداوەکە نەکەن، تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

 

 هەنگاو ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لەسنوری بانە و نەوسود، دوو کۆڵبەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندارکراون.