گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەیمانى نەسڕ: پێویستە حکومەت پابەند بێت بە راگەیەندراوەکەى مەرجەعییەت

2020.09.14 - 08:34
هاوپەیمانى نەسڕ: پێویستە حکومەت پابەند بێت بە راگەیەندراوەکەى مەرجەعییەت

ناس کورد-

هاوپەیمانى نەسڕ بە سەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا داواى لە حکومەتى عێراق کرد پابەند بێت بە راگەیەندراوەکەى مەرجەعییەت و رونیکردەوە "راگەیەندراوەکە بنەمایەکە بۆ بەدیهێنانى چاکسازی".

 

لە راگەیەندراوەکەى هاوپەیمانى نەسڕدا ئاماژە بەوە کراوە "پێشوازى و پابەندبوونى خۆمان بە راگەیەندراوەکەى سەماحەتى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعە لە عێراق دوپات دەکەینەوە کە لەمیانەى کۆبوونەوەیان لەگەڵ جنین بلاسخارت نوێنەرى سکرتێرى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوى کردەوە.

 

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، راگەیەندراوەکەى سیستانى نەخشەڕێگایەک و بنەمایەکى پتەوى بەدیهێنانى چاکسازییە لە وڵاتدا.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى نەسڕ، نەخشەڕێگاکەى مەرجەعییەت خۆى لە چوار خاڵى گرنگدا دەبینێتەوە، یەکەمیان: ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و دادپەروەرانە لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا، دووەم: چەک تەنها بەدەستى دەوڵەت بێت، سێهەم: پاراستنى سەروەرى عێراق، چوارەم: سزادانى ئەو کەسانەى کە تێوەگلاون لە خوێنڕشتنى خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان و راپێچکردنیان بۆ بەردەمى دادگا.

 

رونیشکراوەتەوە، ئەو بنەمایانەى کە لە راگەیەندراوەکەى مەرجەعییەتدا هاتووە لەگەڵ ڕوانین و پرەنسیپەکانى هاوپەیمانێتى نەسڕ بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت یەکدەگرێتەوە.

 

دوێنێ (یەکشەممە) عەلى سیستانى و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق کۆبوونەوە و  پرسی هەڵبژاردنى پێشوەختیان تاوتوێکرد. 

 

لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، نوسینگەی سیستانى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.  

 

جەختیشیکردووەتەوە "هەڵبژاردنی پێشوەختە پێدانی دەرفەتە بە هاوڵاتیانی عێراق  بۆ ئەوەی بە ئازادی و دوور لە هەموو فشارێک نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، بەپێچەوانەوە جێبەجێنەکردنی ئەو مەرجانەی کە دەبنە هۆکاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان وادەکات کێشەکان ئاڵۆزتر بکات و هەڕەشە لەسەر داهاتووی وعێراق و ڕۆڵەکانی دروست دەکات".   

 

هاوکات جینین هینس بلاسخارت نوێنەری نەتەوە بەكگرتووەكان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەکان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەگەڵ سیستانی لەسەر سێ پرس قسەمان كردووە، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكاتی خۆیدا بە یاسایەكی دادپەروەرانە، سەروەری دەوڵەت و مانەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لەگەڵ كردنەوەی دۆسێی گەندەڵی و دادگاییكردنی گەندەڵكاران".   

 

وتیشى "ئەگەر هەڵبژاردنەكان بەو مەرجانەی باس كراون بەڕێوە نەچن ئەوا عێراق دەكەوێتە نێو گێژاوێكی ترسناكەوە".   

 

بەپێی ئەو وادەیەى مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە سەرەتای مانگی تەموزی ڕابردوودا دیاریکرد، دەبێت شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، کە یەکێکە لە داوا سەرەکییەکانى خۆپیشاندەران. 

 

هاوکات مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لە بەیاننامەکەى عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکان کرد لەبارەى پێویستى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە. 

 

کازمى لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوە کردووە، رێڕەو و ڕێنماییەکانى مەرجەعیەت رێبەرى بەردەوامیانە بەرەو بەدیهێنانى ئامانجەکانى گەل لە هەڵبژاردنێکى پێشوەختى ئازاد و پاک و دادپەروەردا. 

 

جەختیشیکردووەتەوە، حکومەت بەردەوام دەبێت لەو هەنگاوانەى دەستیپێکردووە بۆ پارێزگارى لە شکۆى وڵات و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، سەرەڕاى ئەو رێگریانەى لەبەردەمیدان. 

 

کازمى ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەت سورە لەسەر لێپرسینەوە لەو کەسانەى لە رژانى خوێنى عێراقییەکان تێوەگلاون، قۆناغى یەکەمى رێوشوێنەکانى لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدواى راستییەکان و ئامارى قوربانیان و شەهیدان و بریندارانى رووداوەکانى تشرینى 2019  و رۆژانى دواتر کۆتایی هاتووە. 

 

ئاشکراشیکردووە، بەم نزیکانە قۆناغى دووەمى ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکات کە خۆى دەبینێتەوە لە لێکۆڵینەوەى دادوەرى و دیاریکردنى ئەوانەى تێوەگلاون لە رژانى خوێنى عێراقییەکان و رادەستکردنیان بە یاسا. 

 

هەردوێنێ (یەکشەممە) نوێنەرى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە مێرگەپان لە شارى سلێمانى لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق کۆبوەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانى بۆ راگەیەندراوەکەى مەرجەعییەتى ئاینى عێراق دوپاتکرایەوە.

 

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لە مێرگەپان لەشارى سلێمانى، پێشوازیکرد لە جێنین هێنیس بلاسخارد، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان و لە دیدار و کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراقیان کرد. 

 

لە راگەیەندراوێکى نووسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکایەتى کۆمار کە لەبارەى دیدار و کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە "لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی ڕاگەیەندراوی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی ئایەتوڵا سەماحەتی سەید عەلی سیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت". 

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "سەرۆککۆمار جەختدەکاتەوە کە ئەم ھەڵبژاردنە چارەنوسسازە بۆیە پێویستە رێوشوێنی تۆکمە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دەرەنجامی باوەڕپێکراو و متمانە بەخشی لێبکەوێتەوە و  لەسۆنگەیەوە بەرنامەی حکومەت لە ھێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکرێت و رووبەڕووونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکات و ھۆکارێک بێت بۆ ئەوەی رۆڵی هێزە ئەمنیەکان پتەو بکات و شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و چەکیش لە دەستی حکومەتدا بهێڵیتەوە".