گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق: ڤاکسینەکەى ئۆکسفۆرد بەم نزیکانە لە عێراق بەردەست دەبێت

2020.09.13 - 23:32
باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق: ڤاکسینەکەى ئۆکسفۆرد بەم نزیکانە لە عێراق بەردەست دەبێت

ناس کورد-

باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە پشت بە ڤاکسینەکەى زانکۆى ئۆکسفۆرد دەبەسترێت بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا و لە عێراقیش بەردەست دەبێت.

 

ستیفن هوکى، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاند "بەریتانیا بەشێوەیەکى باش لە بوارى ڤاکسینى کۆرۆنا کار دەکات، بەتایبەتى زانکۆى ئۆکسفۆرد، گەشبینین بە نزیکبوونەوەى وادەى پشتبەستن بەو ڤاکسینەى زانکۆکە کارى لەسەر دەکات".

 

وتیشى "ڤاکسینەکە تەنها بۆ بەریتانیا نییە، بەڵکو بۆ عێراقیشە، ئەوەش بەهۆى هاریکارى دوو قۆڵى هەردوو وڵاتەکە".

 

ڤاکسینەکەى زانکۆى ئۆکسفۆرد کێبرکێکارێکى بەهێزە لەنێوان دەیان ڤاکسین کە پێشخراوە لەسەر ئاستى جیهان و دواى بڕینى قۆناغەکانى یەکەم و دووەمى تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکە.

 

دوێنێ (شەممە) تاقیکردنەوەکان لەسەر ڤاکسینەکە دەستیپێکردەوە دوای وەستانی بۆ ماوەیەک بەهۆی توشبوونی یەکێک لە خۆبەخشەکان بە نەخۆشییەکی گوماناوی بەهۆی ڤاکسینەکەوە.  

  

لەبارەى شەڕى دژى داعشەوە، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق باسى لەوەکرد، وڵاتەکەى دووەم گەورەترین وڵاتى ناو هاوپەیمانى نێودەوڵەتییە و کەمکردنەوەى ژمارەى هێزەکانیان لە ئێستادا شتێکى ئاساییە، چونکە هەڕەشەى ئێستاى داعش هەمان هەڕەشەى پێش چوار ساڵ لەمەوبەر نییە.

 

جەختیشیکردووەتەوە، هاریکارى هەیە لەنێوان هاوپەیمانان و هێزە چەکدارەکانى عێراق، لە بوارى هەواڵگرى و چاودێرى مەشق، ئەوەش زۆر گرنگە.