گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە وزەى ئەتۆم کاردەکات

مەترسیدارترین موشەکى روسی ’دەتوانێت چەند ساڵێک بەدەورى زەویدا بسوڕێتەوە’

2020.09.13 - 22:14
مەترسیدارترین موشەکى روسی ’دەتوانێت چەند ساڵێک بەدەورى زەویدا بسوڕێتەوە’

ناس کورد-

روسیا موشەکێکى گەشەپێداوە کە بە وزەى ئەتۆم کاردەکات و تواناى ئەوەى هەیە بە دەورى زەویدا بسوڕێتەوە بۆ ماوەى چەند ساڵێکى بەردەوام و ئامادەیە بۆ هێرشکردن لەهەر ساتێکدا، ئەوەش بەوتەى سەرۆکى هەواڵگرى بەریتانیا.

 

بەگوێرەى رۆژنامەى (تەلەگراف)ى بەریتانى، جەنەرال جیم هوكنهول سەرۆکى هەواڵگرى بەریتانیا لەمیانەى رونکردنەوەیەکدا لەبارەى ئەو هەڕەشەیەى کە روبەڕووى وڵاتەکەى دەبێتەوە، لەسەر بنەماى پێداچونەوە ئەمنى و بەرگرییەکان ئاماژەى بەوە کرد، روسیا سەرکێشى بە زانست و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکات، لەچوارچێوەى پلانەکانیدا بۆ گەشەپێدانى چەکى نوێ.

 

وتیشى "مۆسکۆ سیستەمى موشەکى کرۆز تاقیدەکاتەوە کە بە وزەى ئەتۆم کاردەکات و دەتوانێت بەسەرجەم ئاڕاستەکاندا هێرشى پێشبینینەکراو بکات".

 

 لەسەر بنەماى پشتبەستن بە وزەى ئەتۆم، موشەکە روسییە نوێیەکە توانای هەیە بۆ ماوەیەکى کراوە بەدەورى ئامانجەکەیدا بسوڕێتەوە پێش هێرشکردنە سەرى، بەپێچەوانەى موشەکەکانى دیکەوە کە توانایان هەیە بۆ ماوەیەکى سنوردار بەدەورى ئامانجەکەیاندا بسوڕێنەوە.

 

جەنەرال جیم هوكنهول دەڵێت، مەبەست لەو جۆرە موشەکە، موشەکى "9M730 بوروفيستنك" ى نوێی روسییە.

 

هەر بەگوێرەى رۆژنامەکە، ئەو تەقینەوەیەی لە ساڵى ڕابردوودا روویدا لە بنکەیەکى سەربازى لە نيونوكساى باکورى خۆرئاواى روسیا، پێدەچێت بەهۆى ئەو جۆرە موشەکەوە بوبێت.

 

ئەو تەقینەوەیە بووە هۆى بەرزبوونەوەى بەرچاوى شەپۆلى تیشکى بۆ ماوەى 30 خولەک لەناوچەى سيفيرودفينسكى نزیک لەو شوێنە، کە بووە هۆى گیانلەدەستدانى حەوت کەس.

 

سەرۆکى هەواڵگرى بەریتانیا دەڵێت، توانا سەربازییەکانى روسیا، ژێرخانى مەدەنى و سەربازى بەریتانیا و هاوپەیمانەکانى دەخاتە بەردەم مەترسی هێرشى راستەوخۆ بە چەکى جۆراوجۆر و چەکى ئەتۆمى.