گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى تەندروستى لەسەر هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەى فریاکەوتنى هەولێر هاتە دەنگ

2020.09.13 - 21:43
وەزارەتى تەندروستى لەسەر هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەى فریاکەوتنى هەولێر هاتە دەنگ

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەسەر هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەى فریاکەوتنى ڕۆژئاواى هەولێر بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە وەزیرى تەندروستى داواى لە وەزیرى ناوخۆ کردووە کە تاوانبارانى ئەو ڕووداوە دەستگیربکرێت.

 

لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى تەندروستیدا ئاماژە بەوە کراوە "بەهۆی ڕووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر لەلایەن چەند کەسێکی خانەوادەی نەخۆشێک و هێرشی ناڕەوا و نابەجێی سەر پزیشکێکی نیشتەجێ و کارمەندانی نەخۆشخانەکە لەکاتی ئەرکی پیرۆزی مرۆڤدستانە و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و قسەی نەشیاو بە پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران و تا ڕادەی لێدان".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزیری تەندروستی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و لایەنی پەیوەندار لەسەر هێڵ و پەیوەندیدایە و داوای پەلەی کرد بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تاوانبارانی ئەم ڕوداوە و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا و سزادانیان و لێکوڵینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانە.

 

راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەر ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی پەیوەندی بە نەخۆشخانە و پزیشکی تاوان لێکراو کرد و پێیڕاگەیاندن کەوا تەواوی دامودەزگای پەیوەندار ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ بەسزا گەیشتنی تاوانباران و پاراستنی شکۆی نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی.