ناس کورد-
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لە مێرگەپان لەشارى سلێمانى، پێشوازیکرد لە جێنین هێنیس بلاسخارد، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان و لە دیدار و کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێى هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراقیان کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوێکى نووسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکایەتى کۆمار کە لەبارەى دیدار و کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە "لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی ڕاگەیەندراوی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی ئایەتوڵا سەماحەتی سەید عەلی سیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "سەرۆککۆمار جەختدەکاتەوە کە ئەم ھەڵبژاردنە چارەنوسسازە بۆیە پێویستە رێوشوێنی تۆکمە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دەرەنجامی باوەڕپێکراو و متمانە بەخشی لێبکەوێتەوە و لەسۆنگەیەوە بەرنامەی حکومەت لە ھێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکرێت و رووبەڕووونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکات و ھۆکارێک بێت بۆ ئەوەی رۆڵی هێزە ئەمنیەکان پتەو بکات و شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و چەکیش لە دەستی حکومەتدا بهێڵیتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا لەسەر زارى سەرۆککۆمارەوە ئاماژە بەوە کراوە کە جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی نەخشەرێگایەکی گونجاو بۆ سازکردنی هەڵبژاردنەکان، کە سەرەتا بە تەواوکاری یاسای هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەسپێبکات و ھەروەک چۆن دەستەبەری نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بکات لەسەرانسەری عێراق بەجۆرێک رەنگدانەوەی ویستی ئازادانەی تەواوی ڕۆڵەکانی گەل بێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بەبێ هیچ فشار و گوشارێک کەئەمەش وادەکات دەرنجامەکەی هاوتابێت لەگەڵ ویستی گەل بەئاڕاستەی گۆرانکاری و پابەندبوونی تەواو لە بابەتی نوێنەرایەتیان لە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "سەرۆککۆمار راشیگەیاند قۆناغی دوای تەواوکاری یاسای ھەڵبژاردنەکان، قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دێت کە قۆناغێکی گرنگترە ئەویش بریتیە لەدەستەبەرکردنی پاکترین و بێگەردترین پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجەش پێویستە رێوشوێنی یەکلاکەرەوە و بنبڕ بگیرێتە بەر بۆ رێگەگرتن لە ساختەکاری و تەزویر لە پرۆسەکەدا، کە چارەنوسی ھەموو رۆڵەکانی گەلی عێراقی پێوە گرێدراوە.
راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، لەبەشێکی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی هەماهەنگیکردنی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەی چاودێریکردنی کۆی قۆناغەکانی هەڵبژاردن بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد و پتەوکردنی متمانە ھاووڵاتیان و دڵنیای لای دەنگدەران بەھەڵبژاردنەکان کە ئەمەش خواستێکی گشتی میللی و سیاسی و نیشتیمانییە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لە پێویستی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێری و دارایی و بەهێزکردنی رۆڵی هێزە ئەمنیەکان لەپرسی سنوردارکردن و ھێشتنەوەی چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا، ھەروەک چۆن جەختکرایەوە لە ئامانج و ئیرادەی چاکسازیکردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری عێراق و ئاستەنگیەکانی بەردەمی و پارێزگاریکردنی سەروەریەکەی و ریگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان کەئەمەش مافێکی نیشتیمانیە و دەشبێتە دەستپێکی ھاوبەشیەکی نیشتیمانی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گرنگ.