گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سیستانى پشتیوانى لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن کردبوو

کازمى هەڵوێستى خۆى لەبارەى بەیاننامەکەى سیستانى ڕاگەیاند

2020.09.13 - 18:49
App store icon Play store icon Play store icon
کازمى هەڵوێستى خۆى لەبارەى بەیاننامەکەى سیستانى ڕاگەیاند

ناس کورد-

مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لە بەیاننامەکەى عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکان کرد لەبارەى پێویستى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کازمى لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوە کردووە، رێڕەو و ڕێنماییەکانى مەرجەعیەت رێبەرى بەردەوامیانە بەرەو بەدیهێنانى ئامانجەکانى گەل لە هەڵبژاردنێکى پێشوەختى ئازاد و پاک و دادپەروەردا.

 

جەختیشیکردووەتەوە، حکومەت بەردەوام دەبێت لەو هەنگاوانەى دەستیپێکردووە بۆ پارێزگارى لە شکۆى وڵات و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، سەرەڕاى ئەو رێگریانەى لەبەردەمیدان.

 

کازمى ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەت سورە لەسەر لێپرسینەوە لەو کەسانەى لە رژانى خوێنى عێراقییەکان تێوەگلاون، قۆناغى یەکەمى رێوشوێنەکانى لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدواى راستییەکان و ئامارى قوربانیان و شەهیدان و بریندارانى رووداوەکانى تشرینى 2019  و رۆژانى دواتر کۆتایی هاتووە.

 

ئاشکراشیکردووە، بەم نزیکانە قۆناغى دووەمى ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکات کە خۆى دەبینێتەوە لە لێکۆڵینەوەى دادوەرى و دیاریکردنى ئەوانەى تێوەگلاون لە رژانى خوێنى عێراقییەکان و رادەستکردنیان بە یاسا.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ عەلى سیستانى و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق کۆبوونەوە و  پرسی هەڵبژاردنى پێشوەختیان تاوتوێکرد.

 

لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، نوسینگەی سیستانى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت. 

 

جەختیشیکردووەتەوە "هەڵبژاردنی پێشوەختە پێدانی دەرفەتە بە هاوڵاتیانی عێراق  بۆ ئەوەی بە ئازادی و دوور لە هەموو فشارێک نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، بەپێچەوانەوە جێبەجێنەکردنی ئەو مەرجانەی کە دەبنە هۆکاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان وادەکات کێشەکان ئاڵۆزتر بکات و هەڕەشە لەسەر داهاتووی وعێراق و ڕۆڵەکانی دروست دەکات".  

  

هاوکات جینین هینس بلاسخارت نوێنەری نەتەوە بەكگرتووەكان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەکان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەگەڵ سیستانی لەسەر سێ پرس قسەمان كردووە، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكاتی خۆیدا بە یاسایەكی دادپەروەرانە، سەروەری دەوڵەت و مانەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لەگەڵ كردنەوەی دۆسێی گەندەڵی و دادگاییكردنی گەندەڵكاران".  

  

وتیشى "ئەگەر هەڵبژاردنەكان بەو مەرجانەی باس كراون بەڕێوە نەچن ئەوا عێراق دەكەوێتە نێو گێژاوێكی ترسناكەوە".  

  

بەپێی ئەو وادەیەى مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە سەرەتای مانگی تەموزی ڕابردوودا دیاریکرد، دەبێت شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوختە لە عێراق ئەنجام بدرێت، کە یەکێکە لە داوا سەرەکییەکانى خۆپیشاندەران.