گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەى دۆسیەى ئاوەوە

عێراق باس لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانى دەکات لەگەڵ تورکیا و ئێران

2020.09.13 - 17:57
عێراق باس لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانى دەکات لەگەڵ تورکیا و ئێران

ناس کورد-

وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عیراق ڕایگەیاند، چاوەڕوانى دیاریکردنى وادەى  کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دۆسیەى ئاو و پشکى ئاوى عێراق.

 

وەزارەتەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوە کردووە، لیژنەیەکى هونەرى بەسەرۆکایەتى وەزیرى سەرچاوە سروشتییەکان و ژمارەیەک لە شارەزا و نوێنەرانى وەزارەتى دەرەوە و پەرلەمان پێکهێنراوە، لە مانگى ئابدا لەسەر ئاستى هونەرى لەگەڵ لایەنى تورکی کۆبووەتەوە لە رێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، وەک ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئاستى وەزارى.

 

باسى لەوەشکردووە، وادەى ئەنجامدانى کۆبوونەوە لەسەر ئاستى وەزارى هێشتا دیارینەکراوە، هەروەها لەگەڵ لایەنى ئێرانى بەهەمان شێوە وادەى کۆبوونەوە دیارینەکراوە و چاوەڕوانى دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەکانن.

 

پشکى عێراق لەئاوە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران کێشەیەکى بەردەوامى نێوانیانە، بەتایبەت کە ساڵانێکە ئەو وڵاتانە بەنداوى زۆریان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە دروستکردووە کە بووەتە کەمبوونەوەى بەشە ئاوى عێراق.

 

پێشتر لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندبوو، ئەو لیژنەیە کە بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی ئاو لەگەڵ ئێران و تورکیا پێکهێنراوە، هەوڵدەدات ئەو پرسە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە یەکلابکاتەوە، تا بەنداوى زیاتر دروستنەکەن کە بوونەتە هۆى بە بیابانبوونى چەند ناوچەیەکى عێراق.

 

ئاماژەى بەوەشکردبوو، سەرکەوتنى لیژنەکە گرنگە، لە رێگەى بەکارهێنانى دۆسیەى پەیوەندى ئابورى وەک کارتێکى فشار بەرانبەر ئێران و تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەى پرسى ئاوە هاوبەشەکان.