گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیسى هەولێر دایک و کچێکى دەستگیر کرد ’فێڵیان لە شۆفێران دەکرد’

2020.09.13 - 17:05
پۆلیسى هەولێر دایک و کچێکى دەستگیر کرد ’فێڵیان لە شۆفێران دەکرد’

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر راگەیەندراوێکى لەبارەى دەستگیرکردنى دایک و کچێک بڵاوکردەوە بەتۆمەتى فێلکردن لە شۆفێران.

 

لە راگەیەندراوەکەى پۆلیسى هەولێردرا ئاماژە بەوە کراوە "بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان- نووسینگەی خەبات، دوای بەدەستهێنانی زانیاری و لێکۆڵینەوەیەکی ورد، دایک و کچێکیان بە ناوەکانی (ق.ف.چ) و (ئ.ش.ح) لە کاتی ئەنجامدانی دزی و فێڵکردن لە شوفێران دەستگیر کرد".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە دایک و کچەکە لەسەر ڕێگای هەولێر - خەبات، دەستیان لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ڕادەگرت، دایکەکە شوفێرەکانی سەرقاڵ دەکرد و کچەکەش پارە و شتومەکی لەناو چەکمەجەی ئۆتۆمبێلەکاندا دەدزی.

 

راگەیەندراوەکەى پۆلیسى هەولێر رونیدەکاتەوە کە ئەو دایک و کچە پێشتریش هەمان پێشینەیان لای پۆلیس تۆمار کرابوو و زیاتر لە 10 هەزار دۆلاریان بەو فێڵە لە شوفێران دزی بوو.

 

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە تۆمەتباران دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، ڕاگیران و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە.