گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت لەبەرژەوەندی خۆیان یاسای هەڵبژاردنی نوێی عێراق بدورن

2020.09.13 - 15:47
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت لەبەرژەوەندی خۆیان یاسای هەڵبژاردنی نوێی عێراق بدورن

ناس کورد –

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە پەرەسەندنی کێبرکێی نەرێنیی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنەکان دەیانەوێت بەپێی ویست و بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان دوور لە بەهاکانی دیموکراسی و دادپەروەری بەرگی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان بدورن.

 

ئەمڕۆ یەکەشەممە 13ی ئەیلولی 2020، عالیە نوسەیف، پەرلەمنتاری دەوڵەتی یاسای سەربە نوری مالکی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: " پڕۆسەی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بەهۆی بەرژەوەندییە حیزبییەکانەوە ڕووی لە ئاڵۆزی کردووە".

 

وتیشی: "بەردەوامبوونی پڕۆسەکە بەوشێوەیە ڕێگری لە تەواوکردنی ئەو خشتانە دەکات کە پەیوەستن بە پەسەندکردنی، ئەوەش وادەکات هەڵبژاردنەکە لە بەهای دادپەروەری و پاک و بێگەردی خۆی بەتاڵبکاتەوە".

 

نوسەیف ئاماژە بەوەشکرد: "پرسی دابەشکردنی ناوچەکان لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن شێوازێکی نەرێنی وەرگرتووە کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ناوەڕۆکی یاسا نوێیەکە ناگونجێت، بەجورێک بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت بەویستی خۆیان و بەپێی بەرژەوەندییەکانیان بازنەکان دیاریبکەن".

 

پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا باسیلەوەشکردووە: " بەشێک لەلایەنەکان داوایانکردووە چەند ناوچەیەکی دور لەیەکتربخنە پاڵ یەک و بازنەیەکی هەڵبژاردنی لێ دروست بکەن، بۆ نمونە داواکراوە قەزای ئەبوغرێب بخرێتە پاڵ قەزای کازمییە لە کاتێکدا کازمییە لە ناحییەکانی تارمییەو تاجییەوە نزیکترە، ئەو پلانە لە پارێزگای نەینەواش بڕیارە جێبەجێدەکرێت".

 

نەسیف نەیشاردووەتەوە: "هێزە سونییەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە هەربازنەیەکی هەڵبژاردن چوار پەرلەمانتار بگرێتە خۆی و هەر بازنەیەکیش بە گوێرەی مەزاجی خۆیان دابەشی بکەن".

 

بەوتەی نوسەیف: "بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر پرۆسەکە و کۆی پرۆسەکە دەخاتە ژێر مەترسیەوە و لە ماناکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاک بیگەردی بەتاڵدەکاتەوە، کە ئەوەش ئەگەری هەیە ناچار بیگەڕێنەوە بۆ یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردن".