گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ فشارکردن لە ئێران و تورکیا و چارەسەرکردنی کێشە ئاوییەکان کازمی شاندێک دەنێرێتە ئەو دوو وڵاتە

2020.09.13 - 13:02
بۆ فشارکردن لە ئێران و تورکیا و چارەسەرکردنی کێشە ئاوییەکان کازمی شاندێک دەنێرێتە ئەو دوو وڵاتە

 

 ناس کورد –

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی  کێشە ئاوییەکانی نێوان عێراق وهەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بڕیارە شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان سەردانی ئەو دوو وڵاتە بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندەکە کۆمەڵێک بژاردەی ئابوری وەک فشار لەدانووستانەکاندا بەرامبەر بە ئەودوو وڵاتە بەکاردەهێنێت .

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلولی 2020، ئیقبال عەبدولحسێن، بڕیاردەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا بە ئاژانشی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند: " شاندێکی دانوستکاری عێراقی بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەی ئاوی نێوان عێراق و هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بەم نزیکانە سەردانی ئەو دوو وڵاتە دەکات".

 

عەبدولحسێن ئاماژەی بەوەشکرد: " شاندەکە بە سەرۆکایەتی  مەهدی ڕەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەبێت و لەسەر داوکاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق شاندە عێراقییەکە سەردانی ئەو دوو وڵاتە دەکات".  

 

بڕیاردەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق جەختیلەوەکردەوە: "  ئامانجی سەردانی شاندە عێراقییەکە بۆ تورکیا و ئێران دانوستانکردنە لەسەر وەرگرتنی پشکی ڕاستەقینەی عێراق لە ئاوی ئەو ڕووبارانەی کە لەو دوو وڵاتەوە هەڵدقوڵێت، ئەوەش بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سنوردارکردنی دروستکردنی بەنداو لەسەر ئاوی ئەو ڕووبارانە کە لە ئێستا بەهۆیانەوە بەشێکی زۆر لە ناوچەکەکانی عێراق دووچاری بە بیابانبوون بوونەتەوە".

 

عەبدولحسێن ئەوەشی خستەڕوو: " شاندە عێراقییەکە کۆمەڵێک بژاردەی ئابوریان لە هەگبەدایە کە دەیانەوێت وەک فشارێک لە دانووستانەکاندا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا بەکاربهێنن".