گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی کەمئەندامان: جەنابی مەسرور بارزانی بەڵێنەکەت جێبەجێبکە

2020.09.13 - 11:50
یەکێتی کەمئەندامان: جەنابی مەسرور بارزانی بەڵێنەکەت جێبەجێبکە

ناس کورد-

ژمارەیەک خاوەنپێداویستی تایبەت لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گردبوونەوە و سکرتێری کەمئەندامانی کوردستانیش ڕایگەیاند، تەنها بۆ چەند خاوەنپێداویستییەکی تایبەتی کەم زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی سەربازییان هێناوەتە نزیک ئەنجومەنی وەزیران، دەشڵێت، داوا لەسەرۆی حکومەت دەکەن بەلێنەکەی جێبەجێبکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلولی 2020، ژمارەیەک لە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان چوونە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و دژی بارودۆخ و گوزەرانیان گردبوونەوە و ڕاشیانگەیاند لەچەند ڕۆژی داهاتووتر ناڕەزایەتییەکانیان فراوانتر دەکەن.

 

سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا یاداشتنامەی یەکێتییەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند: "زیاتر لە یەک ساڵە ئەم کابینەیە دروستبووە، بەڵام بەهەمانشێوەی کابینەکانی پێشوو بەردەوامە لە برسیکردن و بێڕێزیکردن بە کەمئەندامان و لە دابینکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشیکردوون."

 

وتیشی: "بەهیچ شێوەیەک ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین و ناڕەزایاتی و خۆپیشاندانەکانمان دەستپێدەکەینەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و لەڕۆژانی داهاتوودا بەفراوانی سەدان کەمئەندام دێینە شاری هەولێر."

ئاماژەی بەوەشكرد: "رێگەنادەین لەژێر ناوی چاکسازیکردندا دەست بۆ هاوکاری مانگانەی کەمئەندامان ببرێت کە ئێستا دەنگۆیەک هەیە ئەو کەمئەندامانی دوو موچەیان هەیە، موچەیەکیان ببڕدرێت بەناوی چاکسازی، هەربۆیە ئێمە بەردەوام لەچاکسازییەکانیان ترساوین، چونکە چاکسازییەکانیان بڕینی قوتی خەڵکە."

 

جەختیشیکردەوە: "داوادەکەین یاسای کەمئەندامان بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە کە لەساڵی 2011وە تۆزی لەسەر نیشتووە."

 

لەیاداشتەکەدا ئەوەش هاتووە: "دواکەوتنی موچە جێگەی قبوڵ  نییە و ئێمەی کەمئەندامان کەزیاتر لە 100 هەزار کەسین، کەمترین موچەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە قبوڵی ناکەین بەهیچ پاساوێک کەمئەندامان موچەکانیان دوابکەوێت."

 

ئاماژە  بەوەشکراوە: "زیاتر لە 25 هەزار کەمئەندام لەساڵی 2013وە بێبەشکراون لە موچەی کەمئەندامی و بەڕێنماییەک ڕاوەستێنراوە، پێویستە بەزووترین کات وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کاربکات بۆ گێڕانەوەی موچەی ئەو کەمئەندامانە."

 

یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، داواشدەکات پێش دەسپێکردنی وەرزی سەرما هەر ماڵێکی خاوەنپێداویستی تایبەت بەرمیلێک نەوتی پێبدرێت.

 

جەختیشکراوەتەوە، چاوەڕوانی بەڵێنەکەی سەرۆکی حکومەتن کە لەکاتی سوێندخواردنیدا و لەخاڵی 13ی کارنامەی حکومەتەکەیدا وتی: "دەبێت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژیانێکی شایستەیان هەبێت." کە ماوەی ساڵێک تێپەڕدەبێت و یەک وشەی لەسەر کەمئەندامان نەوتووە.