گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی دارایی: موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەران مسۆگەرکراوە

2020.09.13 - 09:52
لیژنەی دارایی: موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەران مسۆگەرکراوە

ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی گشتیی 2020ی عێراق بەم نزیکانە دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەوەش وادەکات موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی عێراق مسۆگەربێت، ئاماژەی بەوەکرد، هیچ مەترسییەک لەسەر پێدانی موچەی فەرمانبەران لەئارادا نییە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلولی 2020، ئەحمەدسەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەی"سەباح"ی نیمچە فەرمی   عێراقی ڕایگەیاند: "پەرلەمان لەسەرەتای مانگی داهاتوو بودجەی گشتیی  2020 عێراق پەسەند دەکات و هیچ مەترسییەک لە سەرپێدانی موچەی فەرمانبەران لە ئارادا نییە".

 

جەخیشکردەوە : "پەسەندکردنی یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە دەبێتە هۆکاری  مسۆگەرکردنی موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی عێراق". 

 

لەبارەی ئەوەی جارێکی دیکە حکومەت پەنا بۆ قەرز دەبات بۆ مسۆگەرکردنی  موچەی فەرمانبەران، سەفار وتی: "پێکهاتەکانی بودجە لەڕێگەی قەرزی ناوخۆ و دەرکییەوە بەپێی یاسا دابین دەکرێت، هیچ قەرزێک لە دەرەوی یاسا ناکرێت، ئەوەی پێشتر ڕوویدا بۆ مسۆگەرکردنی موچەی مانگەکانی تەموز، ئاب و ئەیلول بوو، حکومەت  ناچار بوو بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی تەمویلەوە ئەو ڕێکارەی گرتەبەر".

 

 لێدوانەکەی سەفار لەکاتێکدایە، دوێنێ (شەممە 12ی ئەیلولی 2020) شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ناس کورد ڕایگەیاند: " ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەمە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق 2020 ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات بەمەبەستی دەنگدان لەسەری".

 

ئاماژەی بەوەشکرد : "لە پڕۆژە یاساکەدا پشکی هەرێمی بە زیاتر لە 12% دا دیاریکراوە کە دەکاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار، موچەی وەزارەتی پێشمەرگەش بەبڕی  912 ملیاردینار ساڵانە لە بودجەکەدا جێگیرکراوە".

 

میرزا، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەئێستادا سەرقاڵی دارشتنی  بودجەی 2021ه وهەرکات تەواوبوو ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات."