گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات جموجۆڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ڕابگرێت

2020.09.13 - 09:04
ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات جموجۆڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ڕابگرێت

ناس کورد-

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لە جموجۆڵەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، داواشیکرد، تورکیا هەموو چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا ڕابگرێت و کێشەکان بەڕێگە دیبلۆماسییەکان چارەسەربکرێن.

 

 لەمیانەی سەردانیکیدا بۆ نیقوسیای پایتەختی وڵاتی قوبرس، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بەوە هەیە کێشەکانی نێوانیان لە ڕێگەی ئاشتی و دانوستانەوە چارەسەربکەن، هەست بە نیگەرانییەکی زۆردەکەین بەهۆی جموجۆڵەکانی تورکیا لەخۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: " ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تەنها خزمەت بەو دوژمنانە دەکات کە دەیانەوێت ناوچەکە بە دابەشکراوی ببینن، هاوبەشی هەرێمایەتی گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی وزە لە ناوچەکە".

 

پۆمپیۆ جەختیشیکردەوە: "ئەمریکا مەترسی لەوە هەیە بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە چالاکی کەشتییە روسییەکان لە ئاوەکانی خۆرهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست زیاد بکات کە زۆربەیان چالاکییەکانیان مەرامی ئاشتی لە پشتەوە نییە، بەڵکۆ بۆ مەرامی سەربازی لە سوریا دێنە ئەو ئاوانە".  

 

لای خۆشییەوە نیکۆس ئەناستاسیادس، سەرۆکی قوبرس لەوبارەیەوە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: "سەردانەکەی پۆمپیۆ لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی ڕێکارە نایاساییەکانی تورکیاوە پەرەی سەندووە، کێشەکان بەزەبری هێز چارەسەرناکرێن ".

 

ئاڵوزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریا ناوەڕاست لە ئاکامی ناکۆکییەکانی تورکیا و یۆنان و قوبرس سەریانهەڵدا لەسەر مافی گەڕان بە دوای گازی سروشتی لە ناوچەیە،   ئەوەش کاتێک تورکیا لە 10ی ئابی ڕابردوودا کەشتییەکانی ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کرد بۆ گەڕان بە دوای گازی سروشتیدا کە یۆنان داوایدەکات و تورکیاش بەمافی خۆی دەزانێت.

 

لە ساڵی 1974 لە هەڵمەتێکی سەربازیدا تورکیا بەشی باکوری دورگەی قوبرسی داگیرکرد، ئەوەش بەمەبەستی ڕێگریکردن  لە دروستبوونی یەکێتیی لە نێوان قوبرس و یۆنان کە بڕیاربووە لەوساڵدا ئەنجامبدرێت.