گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

يەكەم كەسە لە تيمى دەلتا لە ژياندا مابێت و مەدالياى شەرەفى پێبدرێت

يەكێك لە ئازاترين پياوەكانى جيهان .. ڕۆڵى هەبووە لە ڕزگاركردنى 75 عێراقى لە دەستى داعش

2020.09.12 - 23:27

ناس کورد- 

دواى ئەوەى ڕۆڵى لە ڕزگاركردنى 75 عێراقيدا هەبوو لە چنگى ڕێكخراوى داعش، ئەفسەرێكى هێزى تايبەتى ئەمريكى بە پلەى ڕەقيب بەناوى "تۆماس باين" وەك يەكەم كەس لە هێزى دەلتا كە لە ژياندا مابێت مەدالياى شەرەفى لەلايەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى وڵاتەيەوە پێبەخشرا.

 

دۆناڵد ترامپ ڕۆژى هەينى مەدالياى شەرەفى بەخشیيە تۆماسى تەمەن 36 ساڵ ئەوەش لە ئاهەنگێكدا كە لە كۆشكى سپى بەهۆى ساڵيادى هێرشەكانى 11ى سێپتەمبەرەوە بۆ سەر دوو تاوەرى بازرگانى جيهانى لە شارى نيۆيۆرك ڕێكخرابوو.

 

ترامپ ستايشى هەوڵەكانى تۆماسى كرد كە توانيويانە 20 چەكدارى ڕێكخراوى داعش لە باكورى عێراق بكوژن و 75 بەندكراوى عێراقيش لە چنگى ڕێكخراوەكە ڕزگار بكەن، ئەوەش لە پرۆسەيەكى بوێرانەدا و ترامپ تۆماسى بە "يەكێك لە ئازاترين پياوەكانى جيهان" ناوبرد.

 

 "تۆماس باين" خوێندنى ناوەندى لە ولايەتى كارۆليناى باشور تەواوكردوە و لەساڵى 2002 پەيوەنديكردوە بە سوپاوە و خولى سەرەكى بينيوە و لەساڵى 2003 بەرنامەى ڕاهێنانى سوپاى تەواوكردوە.

 

ڕوداوەكە بۆ شەوى 2015/10/22 دەگەڕێتەوە، كاتێك باين بەشێك بووە لە كردەوەيەكى هاوبەش كە هێزى دەلتاى ئەمريكا بە هاوبەشى لەگەڵ هێزێكى تايبەتى كوردى لە شارى حەويجەى باشورى پارێزگاى كەركوك ئەنجاميانداوە.

 

پرۆسەكە بارەگايەكى ڕێكخراوى داعشى كردبووە ئامانج كە 75 عێراقى تێدا دەستبەسەر بوون و بەتەما بووە لە سێدارەيان بدات، پرۆسەكەش لەلايەن ئەندامێكى هێزە تايبەتيە كورديەكە لە ڕێگەى كامێرايەكى سەر خودەكەيەوە تۆمار كراوە.

 

سەبارەت بە پرۆسەكە باين باسى لەوەكردوە، زانياريەكان بەو شێوەيە بوون كە چەكدارانى داعش ماوەيەك گۆڕيان هەڵكەندوە و ئەگەر بەخێرايى جوڵە نەكرێت ئەوا دەستبەسەركراوەكان لەسێدارە دەدات.

 

تيمەكەى بايدن بە هەليكۆپتەرێك دابەزينيان ئەنجامدا لەسەر يەكێك لە تەلارەكان كە 38 دەستبەسەرى تێدا بووە و هێزە كورديەكانيش پشتگيرى زەمينيان دابينكردووە، لەگەڵ دابەزينى تيمەكەى دەلتا بە تەقەى چەكدارانى داعش سەربازێكى ئەمريكى كوژراوە كە يەكەم سەربازى ئەمريكى بوو لە عێراق بكوژرێت دواى گەڕانەوەى هێزەكانى ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە ساڵى 2014.

 

باين و هاوڕێكانى توانييان دەستبەسەركراوەكان ڕزگار بكەن لە يەكەم تەلار، دواتر بەرەو تەلارێكى تر چوون كە بەهۆى پێكدادانەكانەوە ئاگرى تێبەرببوو، سەرەڕاى زۆرى دوكەڵ و ئاگر لەناو تەلارەكە، توانيان قفڵەكان بشكێنن و 37 دەستبەسەركراوى تر ئازاد بكەن و بەرەو هەليكۆپتەرەكە بيانبەن.

 

سەرەڕاى ئەوەى تەلارەكە گڕتێبەربووەكە خەريك بوو دەڕوخا و زۆرى گولـلەى چەكدارانى داش جارێكى ديكە گەڕايەوە ناو تەلارەكە تا دڵنيابێتەوە لەوەى هيچ كەسێك لە دەستبەسەركراوەكانيان جێنەهێشتووە.