گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاوێژكارێكى كازمى: سەردانەكەى كازمى بۆ هەرێمى كوردستان سەرەتايەكى نوێى كردەوە

2020.09.12 - 23:24
ڕاوێژكارێكى كازمى: سەردانەكەى كازمى بۆ هەرێمى كوردستان سەرەتايەكى نوێى كردەوە

ناس کورد-

ڕاوێژكارێكى سەرۆكوەزيرانى عێڕاق ڕایگەیاند، سەردانەكەى مستەفا كازمى بۆ هەرێمى كوردستان سەرەتاى نوێى لە هاريكارى نێوان بەغدا و هەرێم كردەوە بۆ ئاسانكارى لە دەنگدان لەسەر ياساى نوێى هەڵبژاردنەكان لە پەرلەمانى عێراق.

 

عەبدولحسێن هنداوى، ڕاوێژكارى مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێراق بۆ كاروبارى هەڵبژاردن لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێڕاقييە وتويەتى: "سەردانەكەى كازمى بۆ هەرێمى كوردستان سەردانێكى تەقليدى نەبوو، چونكە قۆناغێكى نوێى كردەوە لە تێگەيشتن و هاريكارى لەسەر بنەماى دەستور و بەرژەوەندى باڵاى نيشتمانيى." 



ڕونيشيكردووەتەوە: "سەردانەكە تەركيزى خستبووە سەر پێويستى لێكتێگەيشتنى نيشتمانى و يەكخستنى هەڵوێستەكان بۆ چارەسەركردنى مەلەفە هەڵپەسێردراوەكان و تەنسيقى ئەمنى و ئامادەكاريى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت."

 

هنداوى هێماى بۆ ئەوەشكردوە، ئەو دنيابينيەى كازمى هەڵيگرتووە تێگەيشتنى نوێى بۆ پەيوەندەكانى نێوان ناوەند و هەرێم تێدايە، هەرێمى كوردستان بەشێكە لە گەلى عێراقيى و خەمى عێراقييەكان و ئابورييان هەمان شتە لە سەرجەم ناوچەكانى وڵات، لە پێش هەمويشيەوە پێويستى بنيادنانەوەى دەوڵەت و ئابوريەكەى و سيستمى ئيدارييەكەى بە باشترين شێوە.

 

ڕاوێژكارەكەى كازمى دەشڵێت: "هەروەها سەردانەكەى كازمى بۆ ئامادەسازى بوو بۆ ژيانێكى سياسى ئيجابى، بەشێوەيەك خزمەتى ئاسانكارى بۆ دەنگدانى پەرلەمان لەسەر ياساى هەڵبژاردنەكان بكات و توانا سەربەخۆكانى كۆمسيۆنى باڵاى هەڵبژاردن بەهێز بكات و متمانەى هاوڵاتيانيش بە پرۆسەى هەڵبژاردن بەهێز بكات، بەشێوەيەك كە بە پاك و بێگەردى بەڕێوە بچێت."